گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موچە و نەوت

وەڵامێکى توند لە پارتى یەوە بۆ یەکێتى و گۆڕان

2020.11.29 - 22:14
App store icon Play store icon Play store icon
وەڵامێکى توند لە پارتى یەوە بۆ یەکێتى و گۆڕان

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى پارتى رایگەیاند، داواکەى یەکێتى و گۆڕانیان پێ سەیر بووە بۆ ناردنى شاندێکى بڕیار بەدەست بۆ بەغدا، چونکە ئەو شاندانەى چونەتە بەغدا بڕیار بەدەست بوون و یەک ئەندامیان پارتى بووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەهمەن کاکە عەبدوڵا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى (29ى تشرینى دووەمى 2020) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند، "زۆر پێم سەیر بوو ئەو بەیاننامەیەم بینى، ئەوەى تێنەگەیشتنم لە بەیاننامەیەکەى یەکێتى و گۆڕان کە لە حکومەتدان ئەوەیە ئایا ئەو وەفدەى 13 جار چووەتە بەغدا بڕیار بەدەست بووە یاخود نا".

 

وتیشى "لەو وەفدى دانوستانکارە لەکۆى شەش کەس یەک کەسیان پارتى بووە کە سەرۆکى دیوان بووە، هەموویان لە یەکێتى و گۆڕان بووە، ئەوان خاوەنى بڕیار و سەڵاحیات بوون".

 

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەشکرد، پرسیارى لەهەریەکە لە خالید شوانى و ئاوات شێخ جەناب کردووە لەبارەى ئەوەى بۆچى دانوستانەکان نەگەیشتوون بەئەنجام، هەردووکیان وتویانە بڕیارێکى سیاسی مەزهەبی ناو ماڵى شیعە هەیە کە بودجە بۆ هەرێم نەنێرن، قوباد تاڵەبانیش وتویەتى عادل عەبدلمەهدى هەمان شتى پێ وتووە.

 

دەشڵێت، دەبوو یەکێتى و گۆڕان باسى یەکڕیزیان بکردایە لەگەڵ کارکردن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دەروازە سنورییەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان و نەهێشتى قاچاخچێتى تا داهاتەکەى بگەڕێتەوە و بدرێتە موچەخۆران.

 

لەبارەى رادەستنەکردنى نەوتەوە، بەهمەن کاکە عەبدوڵا وتى "هەرێمى کوردستان لیترێک نەوتى نەداوەتە بەغدا، لەبەرئەوەى رێگەیەک نەبووە بۆ ئەوەى نەوتەکە رادەستى سۆمۆ بکات".

 

رونیشیکردەوە "رێککەوتنەکانى هەرێم لەگەڵ بەغدا بەرانبەر 250 هەزار بەرمیل نەوت کراوە، سۆمۆ هیچ بۆرییەکى نییە تۆ نەوتى هەرێمى پێوە ببەستیتەوە و نەوتى رادەست بکەیت، بۆیە ئەوە پێویستى بە رێکارى دیکە هەبووە".

 

"حساباتى ئەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە کە ئایا ئەوە بە تانکەر بێت یان نا، بەڵام دەرکەوتووە کە تێچووى زیاترى دەبێت، بۆیە رێککەوتوون لەسەر ئەوەى کە بەغدا بەرانبەر ئەو نەوتە پارە لە هەرێم ببڕێت".



لەبارەى نەچوونى شاندى هەرێم بۆ بەغدا، پەرلەمانتارەکەى پارتى باسى لەوەکرد، رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەى 202 کۆتایی هاتووە و بۆ ئەم چوار مانگە 320 ملیار دینار دێت و دەبێت دانوستان لەسەر بودجەى ساڵى داهاتوو بکرێت.

 

جەختیشدەکاتەوە، پێویستە حکومەت لەگەڵ پەرلەمان کۆبێتەوە و بڕیارێک لەسەر موچە بدات و داهاتەکانى خۆى کۆبکاتەوە و خۆى بژێنێت تا دۆخەکە دەگۆڕێت و ئەوکات دەکرێت بە زمانێکى تر لەگەڵ بەغدا قسەبکرێت.