گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیام بۆ لایەنە عێراقییەکان

دوایین زانیارى لەبارەى نەگەڕانەوەى پارتى بۆ پەرلەمانى عێراق

2020.11.29 - 22:13
دوایین زانیارى لەبارەى نەگەڕانەوەى پارتى بۆ پەرلەمانى عێراق

ناس کورد-

تائێستا فراکسیۆنى پارتى بڕیارى گەڕانەوەى نەداوە بۆ دانیشتنەکانى پەرلەمان و پەرلەمانتارێکى ئەو حزبەش دەڵێت، دەیانەوێت پەیامێک بگەیەننە لایەنە سیاسیەکانى عێراق.

 

ناسر یوسف، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشکى پارتى دیموکراتى کوردستان (یەکشەممە 29ى تشرینى دووەمى 2020) لە لێدوانێکى تایبەتدا بە "ناس کورد"ى وت "بڕیارى نەچونە دانیشتنەکانى پەرلەمان ئەوەیە پەیامێکمان پێیە بۆ هێزە سیاسیەکانى عێراق، لە سەرەتاى دروستبونەوەى دەوڵەت ئێمە بەشێکى سەرەکى بووین، لەسەر دیموکراتیەکى تەوافوقى ڕێککەوتووین".

 

وتیىشى، مەبەستمان ئەوەیە پێیان بڵێین بیرکردنەوەى خۆسەپاندن و زۆرینە بەسەر کەمینە لە عێراقێکى فرە نەتەوەیى ڕەنگە سەرکەوتوو نەبێت، پێشتریش بابەتى خۆسەپاندن تاقیکراوەتەوە و لەبەرژەوەندى گەلى عێراقدا نەبووە و مەبەستمان ئەوەیە هەموو گەلانى ئەم وڵاتە پێکەوە بین.

 

سەبارەت بە ئەگەرى گەڕانەوەیان بۆ کۆبونەوەکان ڕونیکردەوە، لەئێستادا ئەوە پەیامى ئەوانە و تا 5ى مانگى داهاتوو هیچ کۆبونەوەیەکى پەرلەمان نییە.

 

هاوکات سەرچاوەیەک لە فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بە "ناس کورد" ى راگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ گەڕانەوە بۆ دانیشتنەکانى پەرلەمانى عێراق.

 

لەبارەى ئەوەى بۆچى لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانى دیکە ئەو هەڵوێستەیان رانەگەیاند، سەرچاوەکە وتى ئەوە پەیوەندى بە فراکسیۆنەکانى دیکەوە هەیە.