گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆخی پیاوان لە هەرێم

 خۆکوشتنی پیاوان سێ هێندەی ژنانە

2020.11.29 - 20:42
 خۆکوشتنی پیاوان سێ هێندەی ژنانە

ناس کورد-

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ژنان لەماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا چوار ژن کوژراون و 18 ژنیش خۆیان کوشتووە، لە بەرامبەردا پێنج پیاو لەلایەن ژنانەوە کوژراون و 53 پیاویش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، سکرتێری یەکێتی پیاوانیش دەڵێت، پیاوانی هەرێم لە دۆخێکی زۆر خراپدان.

 

لە 25ی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بڵاوکرانەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، لەماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا چوار ژن کوژراون و 18 ژنیش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی دوو هەفتەیی بۆ ئەنجامدانی چالاکی و هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژی ژنان بەڕێوەدەچێت، بەڵام یەکێتی پیاوان قسەیەکی دیکەیان هەیە و پێیانوایە، لە هەرێم دۆخی پیاوان لە ژنان خراپترە.

 

"کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان زیاترن"

 

بورهان عەلی، سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان بە "ناس کورد"ی وت: " لەماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا 519 سکاڵای توندوتیژی دژی پیاوان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێم لە یەکێتییەکەمان تۆمارکراون، بێگومان ژمارەکان زۆر زیاترن، بەڵام بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە هەموو کەس سکاڵا تۆمار ناکات."

 

وتیشی، هەر لە 10 مانگی ئەمساڵدا پێنج حاڵەتی کوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاری کەسانی دیکە، تۆمارکراون، هەروەها 54 پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

بە وتەی سکرتێری یەکێتی پیاوان حاڵەتەکانی کوشتنی پیاوان، سیانیان بەهۆی ئاشکرابوونی خیانەتی هاوسەرگیرییەوە بووە، دوو حاڵەتەکەی دیکەش هاوسەرەکانیان عەرەب بوون و بۆ بردنی پارە و سامانەکەی پیاوەکەیان کوشتووە.

 

دۆخی پیاوان  لە هەرێم زۆر خراپە

بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان لە بەرزیدا ماوەتەوە و دانەبەزیوە، قەیرانی داراییش هۆکارێکی زۆری کێشەکانە.

 

سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان دەڵێت: "پیاوان لە هەرێم لە دۆخێکی زۆر خراپدان، قورسایی قەیرانی دارایی و دۆخەکە لەسەر شانی پیاوانە هەر ئەوەشە وای کردووە خۆکوشتنی پیاوان بەرامبەر بە ژنان سێ هێندە بێت، لەساڵی 2012وە تاوەکو ئێستا هەموو ساڵێک خۆکوشتنی پیاوان لە ژنان زیاتر بووە کە ئەوە بەڵگەیە بۆ خراپی دۆخی پیاوان."

 

جەختیشدەکاتەوە، زۆرینەی هۆکارەکانی خۆکوشتنی پیاوان خراپی دۆخی دارایی و کێشەی کۆمەڵایەتییە، بەشێك لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش سەرچاوەکەیان کێشەی داراییە، بۆیە پێویستە بیرێک لە پیاوان بکرێتەوە کە لە دۆخێکی دەروونی خراپدا دەژین و زۆرینەی کێشە داراییەکان و خێزانییەکانیان دەخرێتەسەر شان.

 

ڕێکخراوەکانی ژنان بۆچوونێکی دیکەیان هەیە و چالاکوانێکی ئەو بوارە پێیوایە، ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێنەوە ڕاست نین و هیچ ساڵێک نییە کەمتر لە 50 ژن لە هەرێم نەکوژرێت.

 

بەهار مونزیر، چالاکوانی بواری مافەکانی ئافرەت بە "ناس کورد"ی وت: "ئەو ئامارە فەرمیانەی لە هەرێم بڵاودەکرێنەوە هیچیان ڕاست نین و هیچ ساڵێک نییە زیاتر لە 50 ژن لە هەرێم نەکوژرابێتن، بەڵام ئەو ئامارانە تۆمارناکرێن."

 

ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی ئافرەت ڕوونیکردەوە: "زۆر کەیسی کوشتن هەیە لە دادگاکان لە کوشتنی بەمەستەوە دەگۆڕدرێت بۆ بێ مەبەست واتە لە کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژناندا تۆمار ناکرێت، یاخود کوشتن دەگۆڕدرێت بە خۆکوشتن و دەیان کەیسی لەوشێوەیە هەیە."

 

بەهار مونزیر جەختیشیکردەوە: " زۆر کەیسی دیکەش هەیە کە حزبەکان دەستێوەردانی تێدا دەکەن و دەشاردرێتەوە و دۆسییەکەشی لە دادگا ون دەکرێت یاخود دەسڕدرێتەوە."

 

"بازرگانیکردن بە کەیسی ژنانەوە"

 

بەشێک لەو کەسانەی دژی ڕێکخراوەکانی مافەکانی ئافرەتانن پێیوانوایە، ڕێکخراوەکان کێشەی ئافرەتیان لە هەرێم بەلاڕێدا بردووە و نەیانتوانیوە بەرگری لە مافەکانی ئافرەت بکەن.

 

بورهان عەلی دەڵێت: "بەشێک لەو ڕێکخراوانە بازرگانی بە کەیسی ئافرەتانەوە دەکەن و لەژێر ناوی ڕێکخراودا چوونەتە ژێر باڵی حزبەکان و خزمەت بە حزبەکان دەکەن، نەوەک پرسی ئافرەت."

 

"هەندێک شت هەیە کە ڕێکخراوەکانی ژنان باسی دەکەن و لە شاشەکانەوە گەرمی دەکەن بوونی لە کۆمەڵگەدا هەر نەماوە و تەنها بۆ بازاڕگەرمکردنی خۆیان ئەو کارە دەکەن."، بورهان عەلی وادەڵێت.

 

 شەڕی ژنان و پیاوان تا کەی؟

 

ماوەی چەند ساڵێکە جیاوازی ڕەگەزی لە هەرێمی کوردستان قوڵبووەتەوە و شەڕێکی بێ ئاگایی لەنێوان پیاوان و ژناندا هەڵگیرسێندراوە.

 

سکرتێری یەکێتی پیاوان دەڵێت: "ئێمە چەندین جار داوامان کردووە ڕێکخراوەکانی ژنان هیچیان نەمێنن و یەک بگرین و ڕێکخراوێکی مرۆیی دوور لە جیاوازی ڕەگەزی دروست بکرێت بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و پیاوان پێکەوە وەک مرۆڤ، نەوەک وەک ژن و پیاو، بەڵام تاوەکو ئێستا بەدەم داواکەمانەوە نەهاتوون".