کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- وریا حسێن دوای ڕاگرتنی كاری بەشێك لەڕاوێژكارە سەربازییەكان و مەشقکارانى وڵاتى ئەڵمانیا و ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، كشانەوەی مەشقكارەكان كاریگەری لەسەر مەشقی پێشمەرگە دەبێت. . جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەوبارەیەوە تایبەت بە ناس کورد-ى ڕاگەیاند: "ڕاگرتنی كاری ئەو مەشقكارە سەربازییانە بۆ هەموو عێراقە و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام ڕاگرتنی كارەكانیان كاتییە". . ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ڕێوشوێنەکانیانەوە وتى، لەسەر دەستی ئەو مامۆستا بیانییانە كۆمەڵێك مەشقكار و مامۆستای پێشمەرگە پێگەیشتوون، ئێستا دوای كشانەوەی ئەوان، پێشمەرگە مەشقكارەكان لە جێگەی ئەوان دەستبەكاردەبن، بەڵام نەیشرادەوە کە ئەو كشانەوەیە كاریگەری دەبێت. . بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پەككەوتنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی حەفتا و هەشتاوە كە ئێستا لەلایەن تیمێكی بیانییەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ووتی "ئەو پرۆسەیە هیچ پەیوەندیەكی بە مەشقكارەكانەوە نیە و کاریگەرى نابێت لەسەر ئەو پرۆسەیە". . بە گوێرەی دوو ڕاگەیەندراوی جیاواز، هەریەكە لەوڵاتانی (ئەمریكا و ئەڵمانیا) بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیاریاندا بۆ ماوەیەكی كاتی كاری مەشقکار و ڕاوێژكارە سەربازییەكانیان لە عێراق و هەرێم ڕابگرن. . لەلایەکى ترەوە سەرچاوەیەکى نزیک لە حکومەتى فەڕەنسا بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندووە، سوپاى فەڕەنسا لە ئێستادا بە نیاز نیە چالاکییە سەربازییەکانى لە عێراق ڕابگرێت. . .