گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تاوەکو سەری ساڵ

خوێندن ’’لە هەرێمی کوردستان جارێکی تر دوادەخرێت’’

2020.11.29 - 11:10
خوێندن ’’لە هەرێمی کوردستان جارێکی تر دوادەخرێت’’

ناس کورد-

موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەى پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، لەسەر پێشنیازی لیژنەکە و وەزارەتی تەندروستی خوێندنی ئەمساڵ دوادەخرێت بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو.

 

موسلیم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان (29ی تشرنی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، وەکو لیژنەی پەروەدە پێشتر پێشنیازی دواخستنی پرۆسەی خوێندنمان کردووەو وەزارەتی تەندروستیش داوای دواخستنی خوێندنی کردووە.

 

باسی لەوەشکرد، پرۆسەی خوێندن دوادەخرێت بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو هەوڵەکەش بۆ بەرگرتنە لە مەترسی پەتای کۆرۆنا و رۆژی سێشەممەش بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە دەدرێت.

 

هاوکات وەزارەتى تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئامادەکردنى راپۆرتى تایبەت بە هەڵسەنگاندنى دۆخى کۆرۆنا نزیک بووەتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئەگەر هەیە دەوامى قوتابخانەکان نەکرێتەوە.  

  

بڕیارە سەرەتاى ئەم مانگە، لیژنەى باڵاى کۆرۆنا لە هەرێم کۆبێتەوە و تاوتوێی هەڵسەنگانەکەى تەندروستى بکات بۆ بڕیاردان لەسەر رێوشوێنە نوێیەکان، لەناویاندا دەوامى قوتابخانەکان.  

  

ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم (28ى تشرینى دووەمى 2020) بە "ناس کورد"ى راگەیاند، داخستنى قوتابخانەکان و رێوشوێنەکانى دیکە کاریگەرى هەبووە لەسەرکەمبوونەوەى ئامارەکانى توشبوون بە کۆرۆنا، بەڕێژەى %25-30.  

  

وتیشى، "بڕیارى بەردەوامیدان بەداخستن یان کردنەوەى قوتابخانەکان لەلایەن لیژنەى باڵاوە دەدرێت بەڵام ئاماژەکان بەرەو ئەوەن دەوام نەکرێتەوە".  

  

ئاسۆ حەوێزى جەختیکردەوە، ناکرێت بڕیارێک بدەن و دۆخەکە بگەڕێتەوە خاڵى سفر، بەتایبەتى کە ئێستا رەوشەکە بەرەو باشبوون چووە "ئەگەر وانەکەین پشتى لێبکەینەوە زۆر کێشەیە، چونکە بەوتەى تەندروستى جیهانى تا زستان ئەگەرى بەردەستبونى ڤاکسین نییە".  

  

سەرەتای ئەم مانگە، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم بڕیاری دا بە ڕاگرتنی خوێندنی ناو پۆل تاوەکوی 1ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆرۆنا لە خوێندنگا و قوتابخانەکاندا، بەڵام خوێندنی ئۆنلاین بەردەوامە.  

  

هەروەها دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی (25ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "تائێستا ئاگادار نەکراوین لەوەی راپۆرت و پێشنیاری خۆمان لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان ئامادەبکەین و بیدەینە وەزارەت."  



سەباەت بە ئەگەری دواخستنی دەوامی قوتابخانەکان و کاریگەی لەسەر پرۆسەی پەروەردە، دڵشاد عومەر وتی "ئەگەر جارێکی دیکە دەوام دوابخرێت دەبێت ڕۆژە پشووەکان سەرجەمی لاببرێت و تاقیکردنەوەکان بخڕێتە وەرزی هاوین و بابەتەکانی خوێندن لە رێگەی بەڕێوەبەرێتی گشتی پرۆگرامەکان و خەڵکی پسپۆڕ، کەم بکرێتەوە بەدەر لە پۆلەکانی 1ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی چونکە دەبێت لەو دوو قۆناغە زۆرترین بابەت بخوێندرێت."