گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێز و کەلوپەلی زیاتر

بەریتانیا و فەڕەنسا ڕێککەوتنی نوێیان کرد بۆ ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران

2020.11.29 - 10:23
بەریتانیا و فەڕەنسا ڕێککەوتنی نوێیان کرد بۆ ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران

ناس کورد-

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەریتانیا و فەڕەنسا رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە بۆ ڕێگری زیاتر لە تێپەڕبوونی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزیدا و گەشتیان بە کەنارئاوەکانی بەریتانیا.

 

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (29ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژی 1ی کانونی یەکەمی 2020ەوە، ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی کەنارەکانی فەڕەنسا دەپشکنن دەکرێنە دوو هێندە، هەروەها کەلوپەلی تەکنیکی چاودێری و پشکنینی زیاتر جێگیردەکەن وەک فرۆکەی بێ فرۆکەوان و ڕادار و کامێرای تایبەت.

 

باسی لەوەشکردوە، چاودێریکردنی سنورەکە بە درێژایی 150 کیلۆمەتر لە هێڵی کەناردەریا بۆ ئەوەیە تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە بکرێنە ئامانج و رێگری بکرێت لەوەی کۆچبەران کەنارەکانی فەرەنسا جێبهێڵن و رێگری لە پەڕینەوەی مەترسیدار بکرێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەر لە وڵاتانی سوریا، ئەفغانستان، عێراق، ئێران و چەندین وڵاتی تر بەو نۆکەندە مەترسیدارەدا تیپەربوون کە چوار ئەوەندەی ساڵی 2019یە، هاوکات فەڕەنساش ڕێگری لە پێنج هەزاری تر کردووە.

 

لە ڕاگەیانراوەکەدا پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و جێراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا پابەندبوونی خۆیان بە ڕیککەوتنەکە دووپاتکردووەتەوە و وەزیری ناوخۆی بەریتانیاش باسی لەوەکردووە، "جگە لەم پلانانە سەرەتای ساڵی داهاتوو سیستمێکی نوێی پەنابەری رادەگەیەنین".