گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامی پارتی لەبارە کێشەکان

پارتی باس لە قوڵبوونەوەى کێشەکانی هەرێم و بەغدا دەکات لە ’’هونەرییەوە بۆ سیاسیی’’

2020.11.29 - 09:59
پارتی باس لە قوڵبوونەوەى کێشەکانی هەرێم و بەغدا دەکات لە ’’هونەرییەوە بۆ سیاسیی’’

ناس کورد-

بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا ڕایگەیاند، کێشەکانی هەرێم و بەغدا تەکنیکی بوون، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمان ڕوویدا فشاری سیاسییە و دەشڵێت، ناتوانن کێشەکانی عێراق تەنها لە کێشەی هەرێم و بەغدا کورتبکەنەوە، پێشیوایە، ئەم کێشەیەش چارەسەر بێت کێشەیەکی دیکە دروست دەبێت، چونکە عێراق نغرۆی کێشە بووە.

 

شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" (یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "ناتوانین کێشەکانی عێراق تەنها لە کێشەی هەرێم و بەغدا کورتبکەینەوە، عێراق نغرۆ بووە لە کێشە و قەیراندا، ناتوانێت هیچ دۆسییەک چارەسەر بکات، لە نێویاندا کێشەکانی لەگەڵ هەرێم."

 

وتیشی: "ئەوەی لە ڕابردوودا لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق ڕوویداوە کێشەی تەکنیکی و فەننی بوون و قابیلی چارەسەرکردنن، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا کێشە و فشاری سیاسیین لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان."

 

بەرپرسی لقی پارتی لە بەغدا ئاماژەی بەوەشكرد: "کورد پێویستە کێشەی حکومی و سیاسی جیابکاتەوە، کێشەی حکومی لە هەموو دنیا هەبووە و بە یاسا و ڕێساکان چارەسەرکراوە، بەڵام کێشە سیاسییەکان بەو دۆخەی لە عێراق هەیە ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشاندایە."

 

سەبارەت بە ئومێدی چارەسەر، بەرپرسەکەی پارتی لە بەغدا ڕایگەیاند: "ئەمە پەیوەندی بە ئومێدەوە نییە، ئەمە چیرۆک نییە، حکومەتە و بەردەوامە، کێشە دەبێت و چارەسەر دەبێت، ئەو کێشەیەش چارەسەر بێت کێشەی دیکە دێتە پێشەوە، چونکە عێراق نغرۆی کێشە بووە."

 

شوان مەحەمەد جەختیشیکردەوە، چارەسەر تەنها بەردەوامبوونە لەسەر گفتوگۆ و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن.