گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕی هەناردەی ئێران بۆ عێراق

ئێران لە چین زیاتر هەناردەی بۆ عێراق هەیە

2020.11.29 - 08:58
ئێران لە چین زیاتر هەناردەی بۆ عێراق هەیە

ناس کورد-

بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی بازرگانیی ئێران  ڕایگەیاند، لەماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ئێران بەبڕی پێنج ملیار دۆلار شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە و دەشڵێت، لە وڵاتی چین زیاتر هەناردەیان بۆ عێراق هەبووە.

 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "مهر نیوز" فەرزاد پیتلن، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی بازرگانیی ئێران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،  بڕی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ 17 ملیۆن و 600 هەزار تۆن بووە.

 

ئاشکراشیکردووە، %26ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق بووە و لەو ماوەیەدا ئێران زیاتر لە چین هەناردەکردنی بۆ عێراق هەبووە.

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای وڵاتی عێراق، هەناردە کردنەکانی ئێران بۆ وڵاتی چینە بەبڕی چوار ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە %24ی هەناردەکردنەکان، ئیمارات بە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار و %12ی هەناردەکان لە پلەی سێیەمدایە،  هەروەها %8.2ی هەناردەی ئێران بۆ تورکیا بووە بە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و ئەفغانستانیش بە یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار %7.3 لە پلەی پێنجەمدایە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لە گاز و کارەبا، مێڵەی ئاسنی، تەماتە، کاشی و سرامیک، شامی، فێنک کەرەوە، دۆشاوی تەماتە، پەنێر و بیسکویت لە کاڵا هەناردەییەکانی ئێران بۆ عێراق بووە.

 

زۆرترین ڕێژەی ئەو هەناردەکردنە لە ڕێگای سنوور و ڕێڕەوەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێت و لە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە هەموو ناوچەکانی عێراق.