گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێشەکە زۆر لە موچە گەورەترە

پەیامێک لەناو سەرکردایەتی پارتییەوە سەبارەت بە دوو ئیدارەیی و چارەسەری موچە

2020.11.28 - 23:15
پەیامێک لەناو سەرکردایەتی پارتییەوە سەبارەت بە دوو ئیدارەیی و چارەسەری موچە

ناس کورد-

عەلی حسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، کێشەی کورد سیاسییە و زۆر لە موچە گەورەترە، سەبارەت بە دوو ئیدارەییش دەڵێت، پرسی موچە و بارودۆخەکە بە دوو ئیدارەیی چارەسەر نابێت.

 

لە میانەی بەشداریكردن لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی فەرمیی حزبەکەیدا، عـەلـی حسـێـن، بەرپرسی پەیوەندیی کوردستانی و عێراقی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبە ڕایگەیاند: " كێشەی هەرێم و بەغدا سیاسییە و زۆر لە پرسی مووچە گەورەترە، فشارێكی سیاسیمان لە سەرە بۆ ئەوەی شكستی خۆیان پێ بشارنەوە، هەروەها چاویان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە .

 

ئەوەش خستووەتەڕوو: "عێراق دوای 2003 عێراقی شەراكەت و پێكەوە ژیانە، بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان ئەرك و مافی دیاریكراوە ، لەماوەی رابردوو زۆر هەورازو نشێومان بینیوە ."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "هەموو هەوڵشیماندا لە ڕووخانی رژێمی بەعس، بۆ ئەوەی عێراق عێراقێكی دیموكراسی بێت، كورد و عەرەب و تەواوی پێكهاتەكان لە ژێر چەتری دەستوورێكدا بحەسێنەوە، ئەو دەستوورەش گوزارشت لە بۆچوونی خەڵكی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانی بكات، بەڵام بە داخەوە ئەوە رووی نەدا بە هۆی دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ و شكستی بەشێك لە سەركردە عێراقییەكان ."

 

ئەو سەرکردەیەی پارتی روونیشیكردووەتەوە: "ئاساییە لە كوردستان ڕەخنە و تێبینی هەبێت نابێت ئەو ئاراستەیەی كە بوونی هەیە لە هەرێم لە بەغدا هەبێت، چونكە ئەوە ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە، هەموومان پێكەوە پێویستە هەوڵی بۆ بدەین، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی هەیە، تا ئێستاش ئەو مافە بە هەرێمی كوردستان نەدراوە ."

 

عەلی حسێن باسی لەوەشكردووە: " لە 2007 ـەوە رێکكەوتنمان كردەوە بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز وەك ئەوەی هاتووە جێبەجێبكرێت لە عێراق، ئەو یاسایەش نێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوانیش زۆرینەن، ئەوانەی بودجەیان بڕیوە ئەوان زۆرینەن، ئەوان نەیانهێشتووە ئەو یاسایە تێپەڕبێت ."

 

"بەغدا نیەتی نییە كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە پێی دەستوور چارەسەر بكات، ئەو بەشەی پەرلەمانتارانەی كورد بەشێكن لە دژایەتی كردنی هەرێمی كوردستان دەتوانیین بە خائین ناویان ببەین، ئەوانە بە كرێگیراون."، عەلی حسێن وادەڵێت.

 

جەختیشیکردووەتەوە: "ئەو تیمەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاودەنگن و هەماهەنگن لە كاركردن، بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كێشەو گرفتانەی كە هەن لەگەڵ بەغدا و چۆنیەتی هەنگاو نان لە چارەسەركردنیان ."

 

بە وتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، شاندی هەرێم تەعبیر لە خواستی تەواوی خەڵكی هەڕێمی كوردستان ده‌كات، تا ئێستاش هیچ گرفتێك لەم رووەوە هەستی پێنەكراوە و دەشڵێت: "زۆر جار گرفت هەیە لە نێوان پارتە سیاسییەكان، بەڵام تێگەیشتنی باش هەبووە، بە یەك ئاراستە هەنگاو دەنێین ."

 

سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ و دوو ئیدارەیی عه‌لی حوسێن رایگه‌یاندووە: "بابەتی مووچە بە دوو ئیدارەیی چارەسەر نابێت، بەڵكو بە یەك ئیدارەو بە یەك ئیرادە چارەسەر دەبێت."

 

سەبارەت بە پەكەكەش سەرکردەکەی پارتی رایگەیاندووە: "گۆرەپانی پەكەكە هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو هەوڵی ئەوە دەدات توركیا رابكێشێت بۆ دەستتێوەردان لە هەرێمی كوردستان و لەو ناوچانەی كە پەكەكە بوونی تێدا هەیە، گوتیشی: پەكەكە بۆتە هۆكارێك بۆ ئاوەدان نەكردنەوەی سەدەها گوندو شارو شارۆچكه‌ ."