ناس کورد-
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵمەتێكی ڕەشبگیریان لە باکوری کوردستان دەستپێکرد و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، لە 42 ولایەتى ئەو وڵاتە 641 گومانلێکراو دەستگیر کراون، ئەوەش بە گومانی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکە و یەپەگەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتى ناوخۆى تورکیا (شەممە 28ى تشرینى دووەمى 2020) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژانى هەینى و شەممە پرۆسەیەکى سەربازى دژى پەکەکە و یەپەگە لە 42 ولایەتى تورکیا ئەنجامدراوە.
ڕونیشکراوەتەوە، لە پرۆسەکەدا دەستبەسەر بڕێک چەک و پێداویستى و ژمارەیەک بەڵگەنامەى تایبەتدا گیراوە، هەروەها 641 گومانلێکراویش دەستگیر کراون.
تورکیا هەردوو ڕێکخراوى کوردى پەکەکە و یەپەگە بە تیرۆرست دەناسێنێت و بەردەوام پرۆسەى سەربازى بۆ سەر ئەو هێزانە ئەنجام دەدات و هاووڵاتیانی کوردیش لە باکوری کوردستان بە تۆمەتی هەبوونی هەست و سۆز بۆ پەکەکە دەستگیردەکات، لەماوەى ڕابردووشدا پرۆسەیەکى سەربازى فراوانى لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بۆ سەر پەکەکە ئەنجامدا.