گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حیکمە: لە کوردەوە زۆر نزیکین

سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە: لە کوردەوە زۆر نزیکین و پلانێکمان هەیە

2020.11.28 - 21:08
سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە: لە کوردەوە زۆر نزیکین و پلانێکمان هەیە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

سەرکردایەتییەکی ڕەوتی حیکمە، دەڵێت، لە کوردەوە زۆر نزیکن و دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوودا هاوپەیمانێتییەکی فراوان دروست بکەن، بەجۆرێک هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق لەخۆ بگرێت، دەشڵیت، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی ڕەوتەکەیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 

فەهد جبوری، ئەندامی سەرکردایەتی ڕەوتی حیکمەی سەر بە عەممار حەکیم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ " ناس کورد" ( 28ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "ڕەوتی حیکمە کرانەوەیەکی ئەرێنی هەیە لەگەڵ هەموو لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکی مێژووییشی لەگەڵ هەموو پارتە کوردییەکانی هەرێمدا هەیە".

 

وتیشی: " ڕەوتی حیکمە پێشنیازێکی نیشتیمانی خستووەتەڕوو کە خۆی دەبینێتەوە لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی بەرفراوان، توانای ئەوەی هەبێت هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بەبێ جیاوازی لەخۆ بگرێت هاوشێوەی هاوپەیمانی ( الاعمار والاصىلاح) و ( البناء) کە لە ئێستادا نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی گەڵی عێراقی تێدایە لە پەرلەمانی عێراق".

 

جبوری وتیشی: "مەبەست لەو هاوپەیمانێتییە یەکخستنەوەی بۆچوونە نیشتیمانیەکانە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ دوور لە دروشمی تائیفی و نەتەوەیی".

 

سەرکردەکەی ڕەوتی حیکمە ئاماژە بەوەشکرد، لە ئێستادا گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی بەردەوامە، دەشڵیت:"بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی ڕەوتی حیکمە سەردانی لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو بکەن".