گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا

لیژنەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەست بە کارەکانی دەکات

2020.11.28 - 20:21
لیژنەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا دەست بە کارەکانی دەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

دوای  ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆکردن پێکهێنا، ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، لیژنەکەیان بەمنزیکانە دەست بەدانانی بەرنامەی کاری خۆی دەکات بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانی بکات، ڕاشیگەیاند، لەبەر هەستیاریی پرسەکە نایانەوێت لەئێستادا زانیارییەکان لەو بارەیەوە بۆمیدیاکان بخەنەڕوو.

 

حەسەن شوێرد، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەتدا  (شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد" ڕایگەیاند: " بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەکە کۆببێتەوە بەمەبەستی دانانی نەخشەڕێگای کاری داهاتوو و تێڕوانین لەو پرەنسیپانەی کە دەبنە هۆکاری ڕاماڵینی گرفتەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان".

 

لەبارەی هێڵە گشتییەکانی کاری لیژنەکەوە، شوێرد وتی: " بەهۆی هەستیاریی پرسەکەوە بڕیارمانداوە لەئێستادا هیچ زانیارییەک بۆ میدیاکان نەخەینەڕوو، هەرکات بەرنامەی کاری لیژنەکە گەڵاڵە بوو ئەوکات هەموو زانیارییەکان بۆمیدیاکان ئاشکرا دەکەین، پێش ئەو هەنگاوە ناتوانین هیچ شتێک ئاشکرا بکەین ".

 

بە گوێرەی نوسراوێکی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، لە ( 23ی تشرینی دووەمی 2020)  لیژنەیەک لە هەشت پەرلەمانتارى عێراق پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى چارەسەرکردنى کێشەکان.

 

لیژنەکە پێکھاتووە لە، محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، محەمەد دەراجی، مزاحیم تەمیمی، عەبود عیساوی، ھیشام عەبدولمەلیک، حەسەن شوێرید و فەیسەڵ عیساوی.



لەماوەی رابردوودا، شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر زۆریەی بابەتەکان گفتوگۆیان کردووە، بەڵام گفتوگۆکانی ئەمجارەیان زیاتر پەیوەست دەبێت بە پەسەندکردنی یاسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرز) لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، کە تێیدا رێگە بە ناردنی هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نادات تاوەکو نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت.