گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری و وردەکاری

دەربارەى موچە؛ کازمى چاوەڕێى شیعەیە و هەرێمیش دوو بەرەیە

2020.11.28 - 13:26
دەربارەى موچە؛ کازمى چاوەڕێى شیعەیە و هەرێمیش دوو بەرەیە

ناس کورد-

دابەشکردنى موچەى ئەم مانگە (تشرینى دووەم) لە بەغدا دەستى پێکردووە، بەڵام بۆ ناردنى بەشە موچەى مانگى رابردووى هەرێم مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران هێشتا هەر لە هەوڵى قایلکردنى سەرکردە باڵادەستەکانى ماڵى شیعەیە.

 

بەپێى دوا زانیارییەکانى "ناس کورد" کە ئەمڕۆ (28ی تشرینى دووەمى 2020) لە سەرچاوەى جیاجیاى بەغداوە دەست کەوتوون، کازمى پێیوایە هەرێم مافى خۆیەتى هەر هیچ نەبێت 320 ملیارى پێش دەرچوونى یاساى قەرزکردن وەربگرێت کە سەرەتای ئەم مانگە لە پەرلەمان دەرچووە، بەو پێیەى ئەو پشکە هەم لە ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا هاتووە، هەم یاسا "أثر رجعي" نییە و لەوکاتەوە بەرکارە کە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە مانگى 11ى 2020 دەکات.

 

کازمی ئەو پەیامەشی گەیاندووەتە حکومەتى هەرێم و بەشیر حەداد، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمان، بەڵام ئەوەى دەستى سەرۆک وەزیرانى گرتووە لە خەرجکردنى بەپەلەی پارەکە مەترسى بەکارهێنانى ئەو دۆسیەیە لەدژى لەلایەن فراکسیۆنەکانى شیعە بۆ لێپرسینەوە و هەوڵى وەرگرتنەوەى متمانە بەتایبەت لە مادەى 7ی یاساکەدا بەدەق هاتووە بەبێ رێککەوتن هەرکەس پارە بۆ هەرێم خەرج بکات بەرپرسیارێتى دەکەوێتە ئەستۆ.

 

بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، بۆ چارەسەرکردنى ئەمەش کازمى لەهەوڵى قایلکردنى سەرکردەکانى لە چەشنى سەدر و هادى عامرى و نورى مالیکیدایە و لە دیدار و پەیامەکانى بۆ هەرێم داواى کاتى کردووە تا ئەو مۆڵەتانە وەردەگرێت و تا ئێستاش رەزامەندى هەندێکیانى بەدەستهێناوە. 

 

بەپێى مادەى حەوت لە یاساى قەرزکردنى فیدراڵى کە لەئەنجومەنى نوێنەران بەزۆرینە تیپەرێنرا (12ی تشرینى دووەمى 2020)، بەشە بودجەى هەرێم، لەپاش ڕێککەوتنى نەوتى خەرج دەکرێت، بەڵام پاش دەرچوونى زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر ئەم یاسایەدا حکومەتى هەرێم لەبرى ناردنى شاند بۆ دانوستانکردن لە بەغدا لە دوا کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بریاریدا نامەیەک بۆ حکومەتى فیدراڵى بنێرێت کە ئەویش دواکردنى موچەیە و هیچى لەبارەى نەوت و رێککەوتن تێدا نییە.


سەرچاوەکانى "ناس کورد" ئاماژە بەوە دەکەن لەدواى دەرچوونى یاساى قەرزکردنەوە کێبرکێ و ناجۆرییەک هەیە لەنێوان دوو دیدگاى جیاواز لە هەرێمى کوردستان لەبارەى مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەى شاند نەچێتە بەغدا و تائێستا کۆدەنگی لەوبارەیەوە لەنێوان پارتى و یەکێتى و گۆڕان کە سێکوچکەى کابینەى ئێستان گەڵاڵە نەبووە.


ئاراستەیەک کە پارتى و هێزە نزیک و هاوپەیمانەکانى سەرکردایەتى دەکەن جەخت لەوە دەکەنەوە هەرێم نەچێتە ژێربارى گوشارى شیعەکان بۆ رێککەوتن بەدڵى ئەوان و زیاتر جەخت لە رەهەندە خراپەکانى تێپەڕاندنى یاساى قەرزکردن دەکەنەوە کە جۆرێک لە تاکڕەوى تێدا بووە، لەگەڵ پەنابردن بۆ گوشارى دەرەکى کە دواترینیان پەیامەکەى جنین بلاسخارتى نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکانى لێ شین بوو لە ئەنجومەنى ئاسایش کە وتى، "فەرمانبەرانى هەرێم فەرمانبەرى عێراقیشن و نابێت بکرێنە قوربانى ململانێى سیاسى"، هەندێ لە وەزیر و کاربەدەستەکانى گۆڕانیش لەمەدا هاوهەڵوێستى پارتین.

 

لە  بەرامبەر ئەمەشدا ئاراستەى دووەم کە یەکێتییە پێداگرى دەکەن لەسەر رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەبارەى نەوت لەگەڵ تۆمارکردنى ناڕەزایی لەسەر تێپەڕاندنى یاساکانى بەزۆرینەى شیعە و بەم هۆیەشەوە ناکۆکییە کۆنەکانى پارتى و یەکێتى لەبارەى دۆسیەى نەوت نوێ بوونەتەوە.


جگە لە قۆڵى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێم، رۆژى 23 تشرینى یەکەم، سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران لیژنەیەکى باڵاى بە ئەندامێتى چەند پەرلەمانتارێکى لیستە عەرەبییەکان پێکهێنا، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتەکانى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان, ئەم لیژنەیە کە وەزیرى پێشوو محەمەد شیاع سودانى سەرۆکایەتى دەکات, چەند جارێک لەرێگاى میدیاو پەرلەمانتاران و رێگاى فەرمیشەوە داوایان لە شاندى هەرێم کردووە بۆ ئەوەى بچنە بەغدا و گفتوگۆ بکەن, بڕیار وەهایە ئەمانیش لاى خۆیانەوە هەوڵى دۆزینەوەى چارەسەر بدەن بەتایبەت کە ئەندامەکانى لە کەسایەتییە دیارەکانى پەرلەمانن و جێگەى رەزامەندى لیستەکانن.


ناس کورد زانیویەتى خەرجکردنى موچەى ئەم مانگە ئەگەرێکى بەهێزە، بەڵام کێشەى سەرەکى لەبارەى یاساى بودجەى 2021 هەیە کە ئەگەر رێککەوتنى بەغدا و هەرێم لەبارەى نەوت گەلاڵە نەکرێت رەنگە بەهەمان سیناریۆى یاساى قەرزکردندا بڕواتەوە و بۆ ساڵى ئایندە هەرێم بەبێ پشک لە عێراق بمێنێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوان دەکرێت لەدەرفەتێکى نزیکدا شاندێکى هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوە بچنە بەغدا.