ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى هەموارکردنەوەى دەستور لە پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو کارەکانیان تەواو کردووە بۆ هەموارکردنەوەى دەستورى و سێ خاڵى ناکۆک ماونەتەوە، کە یەکێکیان مادەى 140ـە کە بەبێ یەکلاکردنەوە جێهێڵراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحی فەرمی کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، یونادم کەننا، ئەندامى لیژنەى هەموارکردنى دەستورى لە پەرلەمانى عێراق (28ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاندووە، گرنگترین ئەو خاڵانەى کە ناکۆکییان لەسەرە یەکەمیان سروشتى سیستمەکەیە ئایا پەرلەمانى دەمێنێتەوە یاخود دەبێتە سەرۆکایەتى یاخود تێکەڵەیەک لەهەردووکیان، دووەمیشیان ئەوەش یەکلا نەکراوەتەوە دەسەڵاتە باڵا یەکلاکەرەوە و هاوبەشەکان بۆ کێ دەگەرێتەوە بۆ فیدراڵ یاخود بۆ هەرێمەکان..؟ و مادەى 140 بێ هیچ مشتومڕ و گفتوگۆیەک هەڵواسراوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەوەى ڕێکەوتنى لەسەر کراوە چەند خاڵێکە لەگرنگترینیان ئەوەیە کە فراکسیۆنى گەورەى براوەى هەڵبژاردنەکان بەپێى مادەى 76 دەتوانێت کابینەى حکومەت پێکبهێنێت.
کەننا باسى لەوەش کردووە، ناکۆکییەکان پێشنەیەکى سیاسیان هەیە و پەککەوتنى کارەکانیش پەیوەندییان بەلیژنەکەوە نیە بەڵکو هۆکارەکەى بۆ مەرجەعە سیاسیەکان دەگەڕێتەوە و هێشتا ترسێکى تریش هەیە ئەویش گەڕانەوەى مەرکەزیەت و کۆتایى هێنان بەلامەرکەزییەت، ئەو ناکۆکییە دەستوریانەش بونەتە بنەمایەک بۆ سازانى نیشتیمانى.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەو مادانەى کە ڕێکەوتنیان لەسەرى هەیە گرنگترین تەوەر تیایاندا پتەوکردنى زمان و چارەسەرکردنى ئەو بەندانەى کە ناکۆکییان لەسەر هەیە یاخود فرە ڕەهەندن و بونەتە هۆى ڕاڤەى جیاواز، ئەوانەش 10 مادەن.
کەننا پێوایە نوسینەوە و هەموار کردنى دەستور لەکەش و هەواى ڕێکەوتن و گونجاندندا دەکرێت و گومانى لەوە هەیە دەنگ لەسەر ئەو کارانە بدرێت کە لیژنەى دەستوورى کردوونى بەهۆى ئەو پەرتبوونە لەناو پەرلەماندا لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا هەیە.