ناس کورد-
مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە کردنەوەى دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى گۆڕەپانى حبوبیە لە زیقار و لەکارخستنى فەرماندەى پۆلیسى پارێزگاکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یەحیا رەسوڵ وتەبێژ بەناوى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان ( 27ی تشرینی دووهمی 2020) لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، مستەفا کازمى فەرمانیکردووە بە لەکارخستنى فەرماندەى پۆلیسى زیقار و پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى ئەمڕۆ، راگەیاندنى قەدەغەى هاتوچۆ، سەربارى هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتەکانى هەڵگرتنى چەک.
بەپێی بەیاننامەکە، کازمى جەختیکردووەتەوە، گرژى و ئاڵۆزى لەبەرژەوەندى عێراق نییە و هیچ جێگرەیەوەک نییە بۆ یاسا و سیستەم و دادگا.
دەسەڵاتدارانى ئەمنى لە پارێزگاى زیقار ( 27ی تشرینی دووهمی 2020) قەدەغەى هاتوچۆیان لەو پارێزگایە راگەیاند، دواى گرژى و ئاڵۆزییەکانى گۆڕەپانى حبوبى کە بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و 50 کەسى دیکەش برینداربوون.
پەیامنێرى "ناس" رایگەیاند، پۆلسى پارێزگاکە بڕیاریداوە بە قەدەغەى هاتوچۆ، دواى رووداوەکانى گۆڕەپانى حبوبى.
لاى خۆیەوە لیوا سەعد مەعن بەڕێوەبەرى راگەیاندن لە وەزارەتى ناوخۆ لە تویتێکدا رایگەیاند، عودە سالم عبود لیواى پۆلیس کراوەتە فەرماندەى پۆلیسى پارێزگاى زیقار، لەجیاتى عەمید حازم الحازم.
هاوکات سەعد ماجدى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى زیقار بە ناس" ى راگەیاند، بەهۆى هێرشکردنە سەر گۆڕەپانەکەوە سێ کەس بەفیشەک شەهیدبوون و زیاتر لە پەنجا کەسیش برینداربوون، کە نۆ کەسیان بە فیشەک برینداربوون.