گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چوار رۆژ مۆڵەت

پڕۆسەى داگرتنى ’’ئاڵا نایاساییەکان’’ لە شنگال دەستپێدەکات

2020.11.27 - 16:49
پڕۆسەى داگرتنى ’’ئاڵا نایاساییەکان’’ لە شنگال دەستپێدەکات

ناس کورد-

بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای موسڵ رایگەیاند، پرۆسەی داگرتنی ئاڵا بە سەر بارەگاکانی ھێز و گروپە چەکدارە "نایاساییەکان" لە سەنتەری شنگال دەستیپێکردووە و بریارە تا رۆژی یەکشەممە تەواوی ئەو ئاڵایانە دابگیرێن.

 

 

عەقید جەبار یاوەر (27ی تشرینی دووەمی 2020) لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى ئەنادۆڵى تورکی کە "ناس کورد" لەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە "تەنیا ئاڵای عێراق لە ناوچەکە ھەڵدەدرێت و ھەر لایەنەک ئاڵای خۆی دانەگرێت ھێزە عێراقییەکان بارەگاکەیان دادەخەن".

 

بڕیار بوو رۆژى پێنجشەممە دەست بە ئۆپەراسیونێکی ھاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵى بکرێت بۆ دورخستنەوەى گروپ و هێزە چەکدارییەکان، بەڵام بۆ ماوەی چوار رۆژ راگیرا و وەک مۆڵەت بۆ ئەو گروپانە دیاریکرا تا سنورەکە چۆڵ بکەن.

 

مانگى ئەیلولى ئەمساڵ، بەغدا و هەولێر ڕێکەوتنێکیان بۆ بەڕێوەبردنى شنگال واژۆکرد بەهاوبەشى و یەکێک لەبەندەکانى ڕێکەوتنەکە دوورخستنەوەى هێزى چەکدارى ناحکومى بوو لەو ناوچەیە.  

 

تەحسین خەفاجى وتەبێژى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق (25ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، بەفەرمانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان جێگرى فەرماندەى گشتى بەیاوەرى ژمارەیەک لەبەرپرسانى سەربازى سەردانى شارۆچکەى شنگالیان کردووە، بەمەبەستى جێ بەجێکردنى ڕێککەوتنى شنگال لەگەڵ ژمارەیەک لەبەرپرسانى سەربازیدا کۆبووەتەوە.  

  

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، بەپێى ڕێکەوتنێکى ئەمنى چەند هێزێکى سەر بەفیدراڵ ڕەوانەى ناوچەکە کراوە و لەچەند ڕۆژى داهاتوودا تەواوى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنەکە جێ بەجێ دەکرێت.