گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاتوچۆ وەستاوە

لە سەقز نزیکەى یەک مەتر بەفر باریوە

2020.11.27 - 11:22
لە سەقز نزیکەى یەک مەتر بەفر باریوە

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی سەقز ڕایگەیاند، بەهۆی بەفربارینێکی زۆرەوە ڕێگاکانی دیواندەرە-سەقز-بانە داخراون و لە هەندێک ناوچە نزیکەى 80 سم بەفر باریوە.

 

مەحموود ڕۆحانی زادە، سەرۆکی ئیدارەی ڕێگاوبان و گواستنەوەی سەقز لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (27ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، بارینی بەفری قورس بووەتە هۆی داخرانی ملەی مەحموودئاوا، "لەم دۆخەدا هاتوچۆی بارهەڵگری گواستنەوەی مادەی کانزاییەکانیش ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە."

 

مەحموود ڕۆحانی زادە وتیشی، "بارینی وەها بەفرێکی قورس دوور لە چاوەڕوانی بوو، ئێستاش پێنج گروپی ڕێگاوبان لە سەر ڕێگا سەرەکییەکانی شارەکانی سەقز، دیواندەرە، بانە، بۆکان، مەریوان و تکاب خەریکی پاک کردنەوەی جادەکانن.

 

ڕۆحانی زادە جەختی کردەوە کە لە هەندێک ناوچەکان 80 سانتی مەتر بەفر باریوە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەوە لە ڕێگاکانی سەقز- دیواندەرە و سەقز- بانە هاتوچۆ تووشی کێشە بووە و ئێستا لە ئەو دوو ڕێگایە هاتوچۆ زۆر ئەستەمە.

 

ناوبراو وتیشی: ئەگەر بارینەکان بەم شێوەیە درێژەیان هەبێت ڕێگاکانی سەقز-دیواندەرە و سەقز-بانە بە ئەگەری زۆرەوە دادەخرێن و داوا لە خەڵک دەکەین خۆیان لە هاتوچۆی ناپێویست بپارێزن.