ناس کورد-
هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ميسريەكان شۆفێرێكى توك توك دەكەن بە پەرلەمانتار و لە ناوچەكەى خۆى زۆرينە دەنگەكان بەدەستدەهێنێت، دواى ئەوەى خۆى بۆ ئەندامێتى پەرلەمانى وڵاتەكەى هەڵبژارد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بردنەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمان و بەدەستهێنانى كورسيەك لەلايەن كەسێكى زۆر ئاساييى لە وڵاتێكى وەك ميسردا كە هەميشە دەوڵەمەندەكان سەرجەم پۆست و پلەكان بەدەستدەهێنن هەموانى تووشى سەرسوڕمان كرد، لەوانەيە ئەوە بۆ زۆرێك لە وڵاتان كارێكى ئاسايى بێت بەڵام لە وڵاتێكى وەك ميسردا پێويستى بە جادووە.
ئەحمەد حلمى شيشينى تەمەن 31 ساڵ كە خوێندكارى زانكۆيە بەڵام لەبەر هەژارى وەك كارمەندى كشتوكاڵى لە گوندەكەى "نوجێلە" كاردەكات، لەهەمان كاتيشدا توك توكێكى كڕيوە، ئەوەش لەپێناو ئەوەى بتوانێت خێزانەكەى بەخێو بكات.
هەڵبژاردنەكانى ميسر نزيك بوونەوە و ئەحمەديش بڕياريدا ژيانى خۆى بگۆڕێت، ئەويش بە خۆپاڵاوتنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان و خەونەكەشى هاتە دى، ئەويش دواى ئەوەى كۆمسيۆنى وڵاتەكەى ڕايگەياند كە ئەحمەد زۆرينەى دەنگەكانى لە ناوچە و دەوروبەرى بەدەستهێناوە و بووەتە خاوەنى كورسيەكى پەرلەمان.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكان باس لەوەدەكەن، هاوڵاتيان خۆيانيان لە ئەحمەددا دەبينيەوە، كەسێكى هەژار و هەوڵنەدەر و سادە كە هەموو خەونێكى بەخێوكردنى خێزانەكەيەتى، ئەوەش واى كرد هەست و سۆزيان بەرەو ئەحمەد بچێت و بڕيار بدەن بيكەنە نوێنەرى خۆيان لە پەرلەمان.
بردنەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمان و بوونە پەرلەمانتار لە وڵاتێكى وەك ميسردا تائێستا تەنها بە خەون و فيلم دەهاتە دی، هەروەك فيلمەكانى هونەرمەندى بەناوبانگى ميسرى "عادل ئيمام" كاتێك لە فيلمەكانى "بخيت و عديلة" و "الجردل و الكنكة" دا هەمان ڕۆڵى كەسێكى وەك ئەحمەدى دەبينى، بەڵام ئەو خەونە ئێستا لە ميسر دەتوانرێت بهێنرێتە دى و ئەو فيلمانە بكرێن بە ڕاستى.
پێشتر ئەو ڕووداوە دەگمەنە لە هەرێمی کوردستانیش ڕوویداوە، یاسین خزر تەهای تەمەن 42 ساڵان، تا پۆلی 12ی وێژەیی خوێندووە و هیچ بڕوانامەیەكی بەرزی نییە و، توانی لە رێگای عەرەبانەکەی دەستییەوە، خۆی بگەیەنێتە پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا یاسین خزر تەها سێ هەزار و 205 دەنگی بەدەستهێناوە و دەنگی پێنجەمی نێو لیستی بزوتنەوەى گۆڕان بوو.
یاسین خێزاندارە و خاوەنی حەوت سەر خێزانە و لە گەڕەكێكی نێو قەزای رانیە ( بە دووری 134 كلم لە باكووری رۆژئاوای سلێمانی ) دەژیت، ئەو خاوەنی خانوویەكی بچووك و ئۆتۆمبێلێكی كۆنی مۆدێل 1989ی جۆری نیسان پاترۆڵ و عەرەبانەیەكی دەستی بوو.
وەك خۆی ئەو کاتە بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی وتووە (24ی تشرینی یەکەمی 2018) دەڵێت، لە منداڵییەوە لە بازاڕدا چاوی كردووەتەوە و بە چلوورە فرۆشتن و گوڵەبەڕۆژە و لوقمەقازی فرۆشتن دەستیپێكردووە و ماوەی 27 ساڵیشە عەرەبانەیەكی هەیە و لەناو بازاڕی شاری رانیە سەرقاڵی فرۆشتنی شیرینی و وردەواڵەیە.
یاسین حەزی زۆری بۆ خوێندنەوە هەیە و لەنێو ماڵەكەیدا كتێبخانەیەكی بچووكی هەیە كە ژمارەیەكی زۆر كتێبی تێدایە و زۆربەی كتێبەكانیش باسی مێژووی گەلانی جیهان و دادوەری دەكات، زۆربەی ئەو كاتانەی لە ماڵەوەیە خۆی بۆ كتێب خوێندنەوە تەرخان دەكات.
وەك خۆی دەڵێت، ئەو تەنها عەرەبانەچییەك نییە و كاری سیاسیشی كردووە، لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2006 ەوە لەگەڵ ئەو حزبەدایە و چەندین بەرپرسیارییەتی لە نێو گۆڕان لە رانیە وەرگرتووە .