گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’قەیرانەکە بەردەوامە’’

پەکەکە هۆشداری دەداتە پارتی: لە هەر ساتێکدا لەوانەیە شتێک ڕووبدات

2020.11.27 - 08:59
پەکەکە هۆشداری دەداتە پارتی: لە هەر ساتێکدا لەوانەیە شتێک ڕووبدات

ناس كورد-

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە هۆشداری دەداتە پارتی و دەڵێت، ئێستا بارودۆخەکە تۆزێک بێدەنگە، بەڵام قەیرانەکە بەردەوامە چونکە هێز لە هەڵوێستی شەڕدایە، "ئەمە بابەتێکی هەستیارە و لە هەر ساتێکدا لەوانەیە شتێک ڕووبدات."

 

موراد قەرەیلان بە بۆنەى 42هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "بەرنامەى تایبەت"ی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تێڤی کە ناس کورد بینیویەتی لەبارەى "ناردنی هێزی سەربازی لەلایەن پارتییەوە" دەڵێت، "لەم بارەیەوە پێشووتر بانگەوازی و لێدوانی پێویستمان بڵاو کردووەتەوە. ئێستاش ئێمە هەمان بانگەوازمان هەیە. بۆیە نامەوێت دووبارەی بکەمەوە. 4ی تشرینی دووەم لە چێمانکێ ڕووداوێک روویدا. لە بارەی رووداوەکەوە، فەرماندەییمان لە بڕیارگای ناوەندی راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە. هەڵوێستی منیش جیاواز نیە لەو لێدوانە، من لەگەڵ لێدوانی فەرماندەیی و هەڤاڵاندام."

 

دەشڵێت، "ئێستا بارودۆخەکە تۆزێک بێدەنگە، بەڵام قەیرانەکە بەردەوامە. چونکە هێز لە هەڵوێستی شەڕدایە. ئەمە بابەتێکی هەستیارە. لە هەر ساتێکدا لەوانەیە شتێک رووبدات. هاتنی ئەو هەموو هێزە و وەستان لە بەرامبەر یەکدی، مەترسیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. دەبێت ئەم بارودۆخە بە رێبازێک چارەسەر بکرێت. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بەردەوام دەبێتە هۆی ترس و دروستبوونی مەترسی."

 

زیاتر بخوێنەوە: پەکەکە بە ڤیدیۆ نهێنى نەبیستراو لەسەر شەڕەکەى چەمانکێ ئاشکرا دەکات

 

باسی لەوەش کردووە، "وەکو لە لێدوانەکانی پێشووتریشدا وتبوومان، ئێمە هیچ کات لەگەڵ شەڕی نێوان کورددا نین. ئێمە لایەنگری ئەوەین کە کێشەکان هەموویان بە رێگای دیالۆگ چارەسەر بکرێن. ئێمە بەو شێوەیە تەماشا دەکەین و سووریشین لەسەر ئەم بیر و هزرە. چونکە ئێمە دەزانین لەم کاتە مێژوویەدا، روودانی شەڕێکی ناوخۆیی، لە رووی ستراتیجیەوە زیانێکی گەورە لە گەلی کورد دەدات. ئەو دەستکەوتانەی بەدیهاتوون، رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە."

 

دەشڵێت، "ئێستا باس لەوە دەکرێت کە کورد لە کوێی ناوچەکە جێ دەگرێت. چونکە تورکیا و چەند هێزێک باس لەوە دەکەن کە "کورد عەشیرەتن" مافیان نیە ببن بە نەتەوە و دەوڵەت'. ئەگەڕ شەرێکی ناوخۆیی رووبدات، ئەوا دەبێتە سەلمێنەری ئەم قسەیەی تورکیا. سیمایەکی بەم شێوەیە دروست دەبێت. سوودی بۆ هیچ کەسێک نابێت. بۆیە ئێمە لە دژین. ئەگەرنا ئێمە هەموو رۆژێک لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەین کە خۆی هێندە بەهێز دەبینێت. لێرە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە وەکو سیاسەتی کورد، کێشەکانمان چی دەبن با ببن، ئێمە بتوانین کێشەکانی خۆمان بە پێی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان چارەسەر بکەین. هەموو کەس ئەوها دەکات، ئێمەش دەبێت وەها بین. نابێت کوردێک لە دژی کوردێکی تر بوەستێتەوە. ئەمە راست نیە بەم شێوە سەربازیە لە دژی یەکدی بوەستینەوە."

 

4ی ئەم مانگە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکی تەمومژاوی هێزەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی پەکەکەدا لە چەمانکێ، پێشمەرگەیەک گیانیلەدەستدا و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.