ناس کورد-
لە سنوری پارێزگای دهۆک پیاوێکی تەمەن 51 ساڵ ژیانی هاوسەری لەگەڵ کچێکی تەمەن 15 ساڵ پێکدەهێنێت، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەری ڕەخنەکاندا هاوسەرگیرییەکە هەڵدەوەشێتەوە.
هاوسەرگیرییەکە لە کۆمەڵگەی دۆمێز لەسنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامدراوە و پیاوەکە تەمەنی 51 ساڵە ئێزدییە و ژن و منداڵی هەیە، بەڵام ئەو کچە 16 ساڵانەشی مارە کردووە کە ناوی "ئەلیس"ە.
خەیری بۆزانی، نوێنەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئێزدییەکان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند: " دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاوسەرگیرییەکە، ڕەخنەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لەژێر فشاری ئەو ڕەخنانەشدا هاوسەرگیرییەکە هەڵوەشایەوە."
وتیشی، لە دینی ئێزدییەکاندا هاوسەرگیری خوار تەمەنی 18 ساڵ ڕێگەپێنەدراوە و هاوسەرگیرییەکی لەوشێوەیەش کە کچەکە لە منداڵەکانی ئەو پیاوە منداڵترە، کارەساتە و تاوانە.
نوێنەری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف داواش دەکات، خێزانەکان زیاتر هۆشیاربن و نە بۆ کچ و نە بۆ کوڕ ڕێگە بە هاوسەرگیری خوار تەمەنی 18 ساڵان نەدەن.