ناس کورد-
ژمارەیەک پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ڕێگە نادەن دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانان بە پێى بەرژەوەندى و خواست و ویستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن یان لایەنێکى سیاسى بەکاربهێنێت و ئەم دەزگا گەورەو گرنگەى گەل لە ڕێڕەوى ڕاستەقینەى خۆى لا بدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو پەرلەمانتارانە دەشڵێن، هەموو هەوڵ و ڕێکارە پەیڕەوى و یاسایى و دەستوریی و دیبلۆماسییەکان و بنەماى متمانەدانى گەل بەکاردەهێنن بۆ ئەوەى پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بکەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان
ڕاگەیەنراوى (٢٣) ئەندام پەرلەمان بۆ ڕایگشتى خەڵکى کوردستان
هاووڵاتیانى بەڕێز
دوا بەدواى کۆبوونەوەى ژمارە (١٠)ى خولى ئاسایى پایزەى ڕۆژى چوارشەممە، (٢٥ى ١١ى ٢٠٢٠)، کە تیایدا پێشێلى ژمارەیەک ماددەو بڕگەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان کرا و، دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان لەدەرەوەى خواستى خەڵک و لە پێناو ڕازیکردنى دەسەڵاتى جێ بەجێکردندا، بە پێچەوانەى چەند دەقێکى یاسایى هەڵسوکەوتى کرد، بە پێویستى دەزانین هەڵوێستى خۆمان بۆ ڕایگشتى ڕوون بکەینەوە .
ئێمە ئەو پەرلەمانتارانەى لە خوارەوە ناومان هاتووە، پێمانوایە پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتى یاسادانان و چاودێریکردنە لە هەرێمى کوردستاندا و مەرجەعى سیاسى و یاسایی خەڵکى کوردستانە، و ڕێگە نادەین دەستەى سەرۆکایەتى ئەم دەسەڵاتە باڵایە بە پێى بەرژەوەندى و خواست و ویستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن یان لایەنێکى سیاسى بەکاربهێنێت و ئەم دەزگا گەورەو گرنگەى گەل لە ڕێڕەوى ڕاستەقینەى خۆى لا بدات و ئیرادەى نوێنەرانى خەڵک لەوە زیاتر پێشێل بکات.
لە داهاتووشدا هەموو هەوڵ و ڕێکارە پەیڕەوى و یاسایى و دەستوریی و دیبلۆماسییەکان و بنەماى متمانەدانى گەل بەکاردەهێنین بۆ ئەوەى پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بکەین، تا لەوە زیاتر خەڵک بێ ئومێد نەکرێت و کەلێنى نێوان خەڵک و دامەزراوەکان زیاتر نەبێت و لانیکەم پەرلەمانتار بتوانێت نوێنەرایەتى گەل بکات و دەنگ و ڕەنگى ڕاستەقینەى هاووڵاتیانى ستەم لێکراوى کوردستان بێت لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتى جێبەجێکردن شکستى هێناوە لەوەى بتوانێت تەنانەت مووچەى مووچەخۆران دابین بکات.
نمونەى ژمارەیەک پێشێلکارى یاسایى و پەیڕەویى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان:
١ـ بە پێى خاڵى (چوارەم) لە ماددەى (٤٨) لە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، سەرۆکى فراکسیۆن یان نوێنەرى پێکهاتەیەک، یان لانیکەم (١٠) ئەندام بەر لە (٢٤) سەعات لە وادەى دانیشتنەکە، دەتوانێت داواى زیادکردنى بابەتێک بۆ بەرنامەى کار بکات، بابەتەکە گشتى و بە پەلە بێت و دواخستنى ببێتە هۆى لە دەستدانى گرینگى داواکارییەکە، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى پشتیان کردە داواى گفتوگۆى کێشەى مووچەى مووچەخۆرانى کوردستان، و بە پێچەوانەى ئەم بڕگەیە ڕەفتاریان کردو واژۆى (٢١) ئەندام پەرلەمانیان لە فراکسیۆنە جیاجیاکان فەرامۆش کرد، کە لە کاتى یاسایی خۆیدا پێشکەش کرابوو.
٢ـ بە پێى خاڵى (یەکەم)، لە ماددەى (٦٦)ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، (١٠) ئەندام دەتوانن داوایەک پیشکەش بکەن بە دەستەى سەرۆکایەتى، بۆ ئەوەى بابەتێکى گشتى بخرێتەڕوو بۆ گفتوگۆ لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندى گشتى، بە پێى خاڵى (سێیەم) لە هەمان ماددە، دەبێت دەستەى سەرۆکایەتى لە ماوەى (١٤) ڕۆژدا ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەى کارەوە، بەڵام بە پێچەوانەى ئەو ماددەیەوە، دەستەى سەرۆکایەتى یاداشتى (١٦) پەرلەمانتاریان فەرامۆش کرد کە لە ڕۆژى (٢ى ١١ى ٢٠٢٠) پێشکەشکرا بوو بۆ گفتوگۆى بابەتى دەستگیرکردنى ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانان لە پارێزگاى دهۆک بە ئامادەبوونى وەزیرى ناوخۆ.
٣ـ بە پێى بڕگەکانى (یەکەم) و (سێیەم) لە خاڵى (دووەم)ى ماددەى (٥٦)ى پەیڕەو، ئەندامى پەرلەمان بۆى هەیە بۆ ماوەى یەک دەقیقە لەهەر کاتێکى دانیشتنى پەرلەماندا لە ڕێى خاڵى پەیڕەوییەوە ئاخاوتن بکات، کاتێک بینى پێشێلى یەکێک لە ماددەو بڕگەکانى دەستور یان یاسایەکى بەرکار کرا، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى و خودى سەرۆکى پەرلەمان لە دانیشتنى ڕۆژى (٢٥ى ١١ى ٠٢٠٢٠) بە پێچەوانەوە ڕێگەى نەدا ئەندامان بە پێى ئەم مافە پەیڕەوى و یاساییە بۆچوونەکانیان دەربڕن و ئەرکى خۆیان جێ بەجێبکەن و ڕێگەى لێگرتن و مایکى لەسەر کوژاندنەوە.
٤ـ بە پێى بڕگەى (سێیەم) لە ماددەى (٦٠)ى پەیڕەو، پێویستە ئەو پرسیارانەى کە بە نووسراو یان زارەکى لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستەى حکومەت دەکرێن لە ماوەیەک لە (٧) ڕۆژ تێپەڕ نەکات وەڵام بدرێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەى ئەم بڕگە پەیڕەویی و یاساییەوە، بەهۆى لاوازى دەستەى سەرۆکایەتى و بێبایەخ تەماشاکردنى داواى پەرلەمانتاران کە داواى خەڵکى کوردستانن، زۆرینەى زۆرى پرسیارو بەدواداچوونەکان لەو ماوەیەدا ناگەڕێنەوەو هێندێک لە پرسیارو بەدواداچوونەکان زیاتر لە چوار مانگ دوا دەکەون و هێندێکیان هەر وەڵام نادرێنەوە، و دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانیش هیچ هەڵوێست و ڕێکارێکى نییە بۆ ئەم یاساشکێنیەى دامەزراوەى جێ بەجێکردن.
٥ـ لەبەر گرنگى بەرنامەو پلانى حکومەت لە بوارى خەرجى و داهاتدا، لە پەیڕەوى ناوخۆدا بەشێکى سەربەخۆ تەرخانکراوە بۆ بابەتى بودجەو ژمێرەى کۆتایى، بەڵام ئەوە دوو ساڵە دەسەڵاتى جێ بەجێکردن زۆر بە ئاشکرا سەرجەم ماددەکانى (٩٨ تا ١٠٩) پێشێل دەکات و دەستەى سەرۆکایەتیش هیچ هەڵوێستێکى نییە لە پابەندکردنى دەسەڵاتى جێبەجێکردن، لە کاتێکدا حکومەت لە پەرلەمانەوە متمانەى وەرگرتووە.
٦ـ بە پێى ماددەى (١١١) لە پەیڕەوى ناوخۆ، پێویستە دەستەى سەرۆکایەتى ئازادى کارى پەرلەمانى بۆ فراکسیۆن و ئەندام پەرلەمانە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستەبەر بکات، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان ڕەچاوى ئەم مافە ناکات کە لەم ماددەیەدا هاتووە و جیاوازى دەکات.
٧ـ بە پێى خاڵى (یەکەم) لە ماددەى (٩)ى پەیڕەوى ناوخۆ، پێویستە دانیشتنەکانى پەرلەمان بە ئاشکرا بەڕێوە بچن، و بۆ خەڵکى کوردستان پەخش بکرێن، بەڵام بە پێچەوانەى ئەم بڕگەیەوە، دەزگاى ڕاگەیاندنى پەرلەمان کە لەژێر سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى سەرۆکایەتیدایە جیاوازى دەکات لە پەخشکردنى دەنگ و ڕەنگى پەرلەمانتاراندا، بەتایبەت ئەو کاتانەى پەرلەمانتاران بۆچوونیان لە بۆچوونى دەسەڵات جیاوازەو بە دڵى دەزگاى جێ بەجێکردن و دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان ئاخاوتن ناکەن دەنگ و ڕەنگیان بەجۆرێک دەبڕدرێت و لا دەدرێت کە خەڵک لە ڕاستییەکان تێ نەگات، هەرکەسێکیش بیەوێت دەتوانێت تەماشاى پەخشى دانیشتنەکان بکاتەوە تا دەیان نمونەى لەو جۆرە ببینێت.
٨ـ هەڵوەشاندنەوەى بەرنامەى دانراوو ڕاگەیەنراوى پەرلەمان لەسەر داواو ویستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن، وەک هەڵوەشاندنەوەى کۆبوونەوەى ڕاگەیەنراوى ڕۆژى (١٧ى ١١ى ٢٠٢٠)، کە بڕیاربوو گفتوگۆ سەبارەت بەپێشهاتی پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی فیدراڵی بە ئامادەبوونى حکومەت، بەڕێوە بچێت.
ناوەکان:
لەگەڵ ڕێزدا
٢٦ى ١١ى ٢٠٢٠