گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

لیژنەى دارایى باس لە جێگرەوەى خەرجکردنى موچەى فەرمانبەران دەکات 

2020.11.26 - 08:23
لیژنەى دارایى باس لە جێگرەوەى خەرجکردنى موچەى فەرمانبەران دەکات 

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت پێش کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 پەسەند بکرێت، دەشڵێت، خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووی فەرمانبەران، پەیوەستە بە پەسەندکردنی ئەو بودجەیەوە.

 

ناجی سعێدی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق کە"ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ( 26ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند : "ئەگەر پەسەندکردنی بودجەی 2021 دوابکەوێت، ئەوا دەبێت بزانین کەهیچ جێگرەوەیەک بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووی فەرمانبەران نییە".

 

وتیشی:"پێش کۆتایی ئەمساڵ، پێویستە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 لە لایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو مسۆگەر بکرێت".

 

 ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتە ڕوو:"حکومەتی عێراق دەبێت پێش کۆتایی ئەم مانگە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ڕەوانەی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە بەرپرسیارێتی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە ڕزگاربکات".

 

ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە پێویستیان بە 45 ڕۆژ هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەباشی وردبینی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بکەن، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش بڕیاریداوە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەکە بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە یاساکە تەرخان بکات.