ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بتوانێت ئەرکەکانی خۆی لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتوو بەشێوەیەکی باش ئەنجام بدات، چاوەڕێ دەکرێت یاسای هەڵبژاردنەکان لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانەوە هەموار بکرێتەوە.
بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح"ی فەرمی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (25ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند :"پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکان لەئێستادا لەبەردەست سەرۆکایەتی کۆماردایە و تائێستا ڕەوانەی پەرلەمانی نەکردووەتەوە".
وتیشی :"لەئێستادا جوڵانەوەیەکی چڕ بۆ دەستوبڕدکردن لە هەموارکردنەوەی یاساکەدا هەیە، چونکە ئەو پرسە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆى هەیە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتووەوە".
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد :"فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق چەند پێشنیازێکی ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە، وەک بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدەران و بژاردنی دەنگەکانیش کە دەبێت بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی بێت، لەگەڵ دانانی چەند یاسایەکی سزادان لە کاتی بوونی هەر پێشیلکارییەک لە پرۆسەکەدا".