گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

بە جەڵتەى دڵ

مارادۆنا ئەفسانەى تۆپی پێ کۆچى دوایى کرد

2020.11.25 - 19:28
مارادۆنا ئەفسانەى تۆپی پێ کۆچى دوایى کرد

ناس کورد- 

سەرچاوەکانى هەواڵى جیهان بڵاویانکردەوە، دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، ئەفسانەى پێشووى تۆپى پێى ئەرجەنتین کۆچى دوایى کردوە. 

 

 

بەگوێرەى ئەو سەرچاوانەى هەواڵ کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە (چوارشەممە، 25ى تشرینى یەکەمى 2020) مارادۆنا لە تەمەنى 60 ساڵیدا کۆچى دوایى کردوە.

 

سەرچاوەکانى هەواڵى ئەرجەنتین ئاشکرایانکردوە، مارادۆنا بەهۆى جەڵتەى دڵەوە کۆچى دوایى کردوە ئەوەش دواى ئەوەى دوو هەفتە پێش ئێستا لە ماڵەکەى خۆیدا تەندروستى تێکچووە و گواستراوەتەوە نەخۆشخانە و نەشتەرگەرى بۆ ئەنجام دراوە.

 

مارادونا لە 30ى ئۆکتۆبەرى 1960 لە دایکبووە و زۆرترین مشتومڕ لە جیهانى تۆپى پێدا لەسەر ئەو یاریزانە بوو، ئەوەش بەهۆى ئەوەى یەکێک بوو لە باشترینەکانى مێژووى تۆپى پێ و بەپێى وتەى بەشێک لە شارەزایان باشترین بووە لە مێژوودا، هەروەها بەهۆى هەڵسوکەوتە سەیرەکانى و کێشانى مادەى هۆشبەر و چەندین کارى تر.

 

مارادۆنا لە ساڵى هەشتاکاندا باشترین یاریزانى سەردەمى خۆى بووە و چوار جار لە جامى جیهانى بەشدارى کردوە و لەساڵى 1986دا جامەکەى بۆ هەڵبژاردەکەى بەدەستهێناوە، یارى بۆ یانەکانى "بۆکا جۆنیۆرز"ى ئەرجەنتینى و "ناپۆلى" ئیتاڵى و "بەرشەلۆنە"ى ئیسپانى و چەندین یانەى تر کردوە.