گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارى دەدات

حیزبوڵڵا هەڕەشەیەکى لەبارەى شەنگال و کەرکوک و دەشتى نەینەوا بڵاوکردەوە

2020.11.25 - 18:54
حیزبوڵڵا هەڕەشەیەکى لەبارەى شەنگال و کەرکوک و دەشتى نەینەوا بڵاوکردەوە

ناس کورد-

وتەبێژى فەرمى حزبوڵا هێرشى توندى کردە سەر مستەفا کازمى و هێزەکانى ئەمریکا و هەڕەشە دەکات کە بەرگرى لە شەنگال و دەشتى نەینەوا و کەرکوک دەکەن لەبەرامبەر "چەکدارەکانى پارتى".

 

لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژمارى خۆى بڵاوى کردەوە "تویتەر"، ئەبو عەلى عەسکەرى وتەبێژى کەتائیبى حزبوڵا لە عێراق جەختى لەوە کردۆتەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک بەرامبەر بە ئەمەریکا نییە سەرۆکەکەى هەرکێیەک بێت.

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنى داهاتووش باسى لەوە کردووە پاڵپشتى لە "خەڵکانى دڵسۆز" دەکەن و ڕێگە نادەن ئەوانەى ئەو بە بەکرێگیراو ناوى بردوون سەر بکەون.

 

هەروەها ئەبو عەلى عەسکەرى پاڵشتى خۆى بۆ هێرشى حوسییەکان دژى عەرەبستانى سعودیە راگەیاندووە و  داواى کردووە هەموو لایەک کار بکەن بۆ ئاشکراکردنى ئەو حزبانەى کە پەیوەندییان بە ئەمەریکا و ئیسرائیل و سعودیەوە هەیە لە عێراق.

 

كەتیبەکانى حیزبوڵڵا کێن؟ 

ئەم گرووپە چەكدارییە بە گرنگترین گرووپە ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی لەقەڵەم دەدرێت، لە ڕووی مەشق و پڕچەككردنەوە، لە ساڵانی پێشوودا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە سەرپەرشتی كراوە بەر لەوەی ئەمەریكییەكان بیكوژن (یەنایەری 2020).

 ئەم باڵە سەربازییە كە هاوناوی حیزبوڵڵای لوبنانە، زیاتر لە 20 ساڵ پاش لەم ئۆرگانە ئێرانییە، لە نیسانی 2007، لە شاری عەممارەی باشووری عێراق لە ئەنجامی یەكگرتنی چەند گرووپی چەكداریی شیعە ڕاگەیەنراوە كە بریتی بوون لە لیوای ئەبو فەزڵی عەباس، كەربەلا، زەیدی كوڕی عەلی، عەلی ئەكبەر و ئیمامی سەجاد، ئێستا لە چوارچێوەی لیواكانی (45، 56، 57)ی حەشدی شەعبیدا كار دەكات، ژمارەی چەكدارەكانیشی لەنێوان (2011-2019)دا لە 400 چەكدارەوە گەشتووەتە دەوروبەری 7500 چەكدار، ئەمە جگە لە 2500 چەكداری تر كە لە سووریا بڵاو بوونەتەوە بۆ پاراستنی ڕژێمی بەشار ئەسەد.

جیاواز له‌ زۆربه‌ی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، مێژووی دامه‌زرانی كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵڵا له ‌عێراق په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ فه‌توای جیهادی كیفائیی سیستانییه‌وه ‌(حوزەیرانی 2014)، به‌ڵكوو‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاش 2003 كه‌ درووشمی به‌رهه‌ڵستكاریی داگیركاریی ئه‌مه‌ریكا ڕە‌واجی زۆری له‌ ناوه‌نده‌ ئایینی و میللییه‌كانی شیعە و سوننەدا هه‌بوو . هەر چەندە ئەم گرووپەش سه‌ره‌تا له‌ شاری عه‌مماره‌ دامه‌زراوه‌، بەڵام دواتر په‌لی هاویشتووه‌ بۆ ناسریه‌، پاشان بۆ سه‌ماوه‌، یه‌كێكه‌ له‌و گرووپانه‌شی ڕۆڵی هه‌بووه‌ له‌ به‌ره‌نگاریی ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ر له‌وه‌ی له‌ 2011 به‌شی هه‌ره‌ زۆری سوپاكه‌یان ببه‌نه‌ ده‌رەوه‌ی عێراق‌. لە كۆتاییەكانی (2019)شدا، ئەمەریكییەكان گورزیان لە بارەگاكانی ئەم گرووپە لەسەر سنووری عێراق-سووریا وەشاند و 28 كەسیان لێ كوشتن، ئەمەش خۆپیشاندانە بەناوبانگەكەی لایەنگرانی حەشدی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكای لە بەغدا بەدوادا هات كە سەری كێشا بۆ كوشتنی سلێمانی و ئەبو مەهدی.

كەتیبەكانی حیزبوڵڵا خۆیان بە “گرووپێكی جیهادیی ئیسلامیی بەرگریكار” دەناسێنن و باوەڕیان بەوە هەیە كە “ویلایەتی فەقیهـ؛ باشترین نموونەی حوكمڕانییە بۆ جێبەجێكردنی دەسەڵاتی حكومداری لە سەردەمی شاراوەبوونی ئیمام مەهدی.

ئەم گرووپە ناوچەیەكی دابڕاوی بۆ خۆی پاوان كردووە لە ناوچەی “جرف الصخر”ی پشتێنەی بەغدا لەسەر ڕێگای كەربەلا، پاش بێبەشكردنی دانیشتووانە سوننەكەی لە مافی گەڕانەوە بۆ ئەم ناوچە كشتوكاڵییە چڕە بە پاساوی مەترسیی داعش. ڕاپۆرتەكانیش باس لەوە دەكەن لەم ڕووبەرە ئەمنییەدا، كەتیبەكانی حیزبوڵڵا زیندانی نهێنیی هەیە، قسەوباسی زۆریش هەیە كە گوایە تاپۆی زەوییەكانی لە كشتوكاڵییەوە گۆڕیوە بۆ موڵكی تایبەت بە گرووپەكە، هەر چەندە بە هۆی ئەوەی كە ناوچەكە ئەمنییە و دۆسیەكە ئاڵۆز و نهێنییە پشتڕاستكردنەوەی ئاسان نییە.