گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەلا بەختیار هاتە دەنگ

لێدوانى مەلا بەختیار لەبارەى بڕیارى سڕکردنى

2020.11.25 - 18:20
لێدوانى مەلا بەختیار لەبارەى بڕیارى سڕکردنى

 ناس کورد-

مەلا بەختیار هەڵوێستى خۆى لەبارەى بڕیارى سڕکردنى بۆ ماوەى سێ مانگ لەلایەن ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتییەوە ڕاگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد، چاوەڕێى هەڵوێستى ئەنجومەنى باڵاى سیاسى دەکات.

 

مەلا بەختیار، ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان  لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بەدواداچونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد ژمارەیەک لە هونەرمەندى شێوەکار سەردانیان کردووە و نیگەرانى خۆیان بە بڕیارى سڕکردنى دەربڕیوە.

 

بەگوێرەى نوسینەکەى هەژمارەکەى خۆى لە فەیسبوک، مەلا بەختیار ئاماژەى بەوە کردووە کە ئەو نایەوێ بەهیچ جۆرێک بچێتە ئەو بابەتەوە.

 

وتوشیەتى "چاوەڕێ‌ دەكەم بزانم ئەنجومەنی باڵا سیاسی لەسەر ئەم بڕیارە، كە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە ‌و پێشلێكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتییە، كە جەنابی كاك كۆسرەت سەرۆكیەتى، بزانم چ هەڵوێستێكیان دەبێـت، ئەوكاتە لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی ئەنجومەكە، منیش هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم".

 

دوو سەرچاوە لە سەرکردایەتى یەکێتى (21ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد" یان راگەیاند، لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنەکەدا بڕیارى سڕکردنى مەلا بەختیار دراوە.

 

یەکێک لە سەرچاوەکان وتى "هۆکارى بڕیارەکە ئەوە بووە کە مەلا بەختیار پابەندى پەیڕەوى ناوخۆ و پرەنسیپەکانى حزب نەبووە و پێچەوانەى ئەوە جوڵاوەتەوە و قسەیکردووە". 

 

مەلا بەختیار لەدوایین کۆنگرەى یەکێتیدا لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا، بە ئەندامى ئەنجومەنى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتیی دیاریکرا. 

 

مەلا بەختیار بەم دواییانە بیرەوەرییەکانى لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاوکردەوە کە مشتومڕ و کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا.