گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى زیاتر

لەسەر گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک رونکردنەوە دەدرێت

2020.11.25 - 16:30
لەسەر گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک رونکردنەوە دەدرێت

ناس کورد-کاروان مەحمود 

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باس لە بوونی هەوڵێک دەکات بۆ گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک بە کەسێکی تورکمان و سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت :"پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و تا ئێستاش ئەو پرسە بەفەرمی لەگەڵ لایەنەکان باس نەکراوە".

 

ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە لە ئێستادا کارەکانی ئەو ئەنجومەنە سڕکراوە (چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ لەسەر کارلابردنی پارێزگای ئێستای کەرکوک و دانانی کەسێکی تورکمان بۆ ئەو پۆستە و هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمیش ئاگاداری ئەو هەوڵەن.

 

لەلایەکی دیکەوە محەمەد گوڵدەرەیی سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ "ناس کورد" وتی :"بەپێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش کورد دەنگی یەکەمە لە کەرکوک و پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش پشکی کوردەو هەر گۆڕانکارییەک بکرێت دەبێت ئەو پۆستە بدرێتەوە کورد".

 

سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک لە گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک، سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان وتی :"بە فەرمی لەو پرسە ئاگادار نەکراون و پێ ناچێت ئەو گۆڕانکارییەش بکرێت، چونکە تورکمان لە کەرکوک پێگەیەکی فراوانیان نییە و حکومەتی عیراق دڵنیایە لەوەی هەر گۆرانکارییەک بکات لەو پۆستەدا کێشەیەک بۆ پارێزگاکە دروست دەکات بۆیە پێ ناچێت پارێزگاری ئێستای کەرکوک لاببرێت و وەک ئەوەی دەوترێت تورکمانێک بخرێتە شوێنی".