گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری و زانیاری

دەوامی خوێندنی هەرێم دوادەخرێت بۆ سەری ساڵ؟

2020.11.25 - 14:09
دەوامی خوێندنی هەرێم دوادەخرێت بۆ سەری ساڵ؟

ناس کورد - کاروان مەحمود 

بەرپرسانى پەروەردە باس لە سیناریۆى تەواوکردنى خوێندنى ئەمساڵ دەکەن لەئەگەرى دواخستنى دەوامدا بۆ سەرەتاى ساڵ، لەکاتێکدا هێشتا هیچ بڕیارێکى فەرمى لەو بارەیەوە نەدراوە، پەرلەمانیش لەهەوڵى بانهێشتکردنى وەزیرانى پەروەردە و خوێندنى باڵادایە بۆ خستنەڕووى پلانەکانیان لەو بارەیەوە.
 

 

سەرەتای ئەم مانگە، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم بڕیاری دا بە ڕاگرتنی خوێندنی ناو پۆل تاوەکوی 1ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆرۆنا لە خوێندنگا و قوتابخانەکاندا، بەڵام خوێندنی ئۆنلاین بەردەوامە.

 

لەبارەى دەستپێکردنەوە یاخود دواخستنی پڕۆسەکە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕەتی دەکاتەوە هیچ ڕاپۆرتێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکان تایبەت بەو پرسە ڕەوانەی وەزارەتی پەروەردە کرابێت و دەڵێت: "تا ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەش لەسەر ئەو پرسە نەکراوە".

 

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی (25ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "تائێستا ئاگادار نەکراوین لەوەی راپۆرت و پێشنیاری خۆمان لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان ئامادەبکەین و بیدەینە وەزارەت."

 

باسی لەوەشکرد، "ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان تا 1ی کانونی یەکەم لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەسەر راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بووە و بۆ دەستپکردنەوەی یاخود دواخستنی جارێکی دیکەی پرۆسەی خوێندنیش پێویستە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت بکرێت و راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بێتە بەردەستمان و لەسەر ئەو ڕاپۆرتە بڕیاری بدەین ئایا دەوام دەکرێتەوە یاخود دۆخەکە گونجاو نییە و پرۆسەکە جارێکی دیکە دوادەخرێت."

 

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزرات بکرێت و لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە "راپۆرت و پێشنیاری خۆمان بدەینە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و ئەوان بڕیاری کۆتایی بدەن."

 

سەباەت بە ئەگەری دواخستنی دەوامی قوتابخانەکان و کاریگەی لەسەر پرۆسەی پەروەردە، دڵشاد عومەر وتی: "ئەگەر جارێکی دیکە دەوام دوابخرێت دەبێت ڕۆژە پشووەکان سەرجەمی لاببرێت و تاقیکردنەوەکان بخڕێتە وەرزی هاوین و بابەتەکانی خوێندن لە رێگەی بەڕێوەبەرێتی گشتی پرۆگرامەکان و خەڵکی پسپۆڕ، کەم بکرێتەوە بەدەر لە پۆلەکانی 1ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی چونکە دەبێت لەو دوو قۆناغە زۆرترین بابەت بخوێندرێت."

 

وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بانگهێشتی پەرلەمانی دەکرێت

هاوکات ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەک واژۆی پەرلەمانتارانی کوردستان کۆکراوەتەوە بەمەبەستی بانگھێشکردنی هەردوو وەزیری پەروەدە و خوێندنی باڵا بۆ پەرلەمانی کوردستان تاوەکو پلانی وەزارەتەکانیان لەبارەی ئەگەری دواخستنی دەوام و درێژەکێشانی ئەم دۆخە ئاشکرا بکەن.

 

هلز ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان (25ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند، تا ئێستا لە کۆبوونەوەی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان قسە لەسەر دواخستنی دەوامی قوتابخانەکان نەکراوە و هیچ پێشنیازێکیش لەوبارەیەوە ڕەوانەی وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی تەندروستی نەکراوە.

 

ئاشکراشی کرد، یاداشتێکمان ئامادەکردووە و واژۆی نۆ پەرلەمانتاری کوردستانی لەسەرە و داوامانکردووە بانگھێشتی هەردوو وەزیری پەروەردەو وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان و پلانی خۆیان و وەزارەتەکانیان لەبارەی دواخستنی دەوامی قوتابخانەو زانکۆکان و قەرەبوو کردنەوەی ماوەی فەوتاوی خوێندن ئاشکرا بکەن، جگە لەوەش ئەگەر ساڵی داهاتووش دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت پلانی هەردوو وەزارەت چی دەبێت؟

 

وتیشی: "ئەگەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری پەیوەندیدار کە وەزیری تەندروستییە ئامادەبێت گرنگی زیاتری دەبێت ئەگەر نا دەبێت وەزیری پەروەردە ئامادەی کۆبوونەوەکەبێت".