ناس کورد-
سەرۆکی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەرێم ڕایگەیاند، هەوڵی تەواوەتی دەدەن لەپێناو دابەشکردنی دادگەرانەی سامانی عێراق و داواش لە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و سەرکردە سیاسییەکان دەکات هاوکاریان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیەندراوێکدا کەمێک بەرلەئێستا (سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "بەپیی ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی ئەو لیژنەیە پێکهاتووە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کۆششکردنی تەواوەتی لەپێناو مسۆگەرکردنی دابەشکردنی دادگەرانەی سامان و داهاتی عێراق."
سودانی کە لەکابینەى پێشوو وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى بووە و یەکێک بوو لە پاڵێوراوانى سەرۆکایەتى وەزیران لەدواى دەستلەکارکێشانەوەى عەبدولمەهدى، داواشی لە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و سەرکردەی هێزە سیاسییەکان کرد، هاوکاریان بن لە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
هەروەها دەڵێت، دوای وەرگرتنی ڕای پەرلەمانتارانی کورد و لیژنە تایبەتمەندەکان سەرکەوتنی ئەم ئەرکە نمونەیەک دەبێت بۆ توانای عێراقییەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی.
پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى بۆ دانوستانى نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنا کە لە هەشت ئەندامى پەرلەمان پێکدێت و ئەرکى لیژنەکە دۆزینەوەى چارەسەرێکە بەگوێرەى دەستور بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا.
لە نوسراوێکى فەرمیدا کە واژۆى محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانى لەسەرە و وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە (24ى تشرینى دووەمى 2020) ئاماژە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لە هەشت پەرلەمانتارى عێراق کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى ناوەند و حکومەتى هەرێم لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى چارەسەرکردنى کێشەکان بەگوێرەى دەستور.