گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا و ئێران ڕەتیدەکەنەوە شەڕ ڕووبدات، ترەمپ باسی ناردنی 120 هەزار سەربازەکە دەکات

2019.05.14 - 20:48
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا و ئێران ڕەتیدەکەنەوە شەڕ ڕووبدات، ترەمپ باسی ناردنی 120 هەزار سەربازەکە دەکات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - سۆران ڕەشید لەدوای ناردنی کەشتى فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکەى بۆمبهاوێژ و هێزی زیاتری ئەمریکی بۆ ئاوەکانى کەنداو، هاوکات هۆشداری واشنتۆن لە هەر هەڕەشە و هێرشێکی تاران و هاوپەیمانەکانى بۆسەر هێز و بەرژەوەندییەکانى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بارگرژییەکانى ئێران و ئەمریکا چوونە قۆناغێکى مەترسیدارەوە بە شێوەیەک دەهۆڵی شەڕ بەر گوێی خەڵکی دەکەوێت. بەڵام لێدوانەکانى ئەمرۆی، 14ی ئایاری 2019، سەرکردەکانى جیهان، ئاماژەیەکن بۆئەوەى شەڕی چاوەڕوانکراوی ئێران و ئەمریکا ڕوونادات. وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ ئەگەرێکی ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئێران نابینێت بەڵام وەڵامێکى گونجاویان دەبێت ئەگەر ئێران دەست بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ببات. مایک پۆمپیۆ لە مۆسکۆ و لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەى وتیشى، "تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین تاوەکو ئێران ببێتە وڵاتێکى ئاسایی هەربۆیە فشار لەسەر سەرکردەکانى دروستدەکەین، بە هیچ شێوەیەک شەڕمان لەگەڵ ئێران ناوێت بەڵام ئامادەى هەموو وەڵامێکین ئەگەر هاتوو تاران دەست ببات بۆ بەرژەوەندییەکانمان، دەمانەوێت بەرپرسانى ئێران دەستهەڵبگرن لە پشتیوانی حزبوڵا و تیرۆرستان لە تەواوی جیهان بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست." هەر لەدوای قسەکانى پۆمپیۆ، عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، بەدوای جەنگەوە نین و شەڕیش لەنێوان ئەمریکا و ئێران ڕوونادات. عەلی خامنەئی وتیشى، بژاردەى خۆڕاگری لە بەرانبەر ئەمریکادا هەڵدەبژێرن و ئەمریکاش ناچار دەبێت پاشەکشێ بکات. لەلایەکى ترەوە، هەر ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند، بەپێی ئەو ئاماژانەى کە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ واشنتۆن و تاراندا دەستیکەوتووە، "دۆخەکە بە خۆشی کۆتایی دێت"، سەرباری شەڕی لێدوان و بارگرژی ئێستای هەردولا. عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارى هەفتانەیدا ڕایگەیاند، بەغدا بەشێوەیەکى ڕێکخراو لەگەڵ تاران و واشنتۆندا کار دەکات بۆ کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەك بۆ پرسەکە. زیاتر لەوەش، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیرى دەرەوەى ڕوسیا ڕایگەیاند،  مۆسکۆ هەوڵی تەواوی خۆی دەدات بۆ ڕێگریکردن لە خراپبوونی دۆخەکە لەبارەى ئێران و ڕاشیگەیاند، "لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ مایک پۆمپیۆ بۆم دەرکەوت کە ئەمریکاش ویستێک هەیە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى سیاسی بۆ دۆخەکە". جیاواز لەوەش، لەبارەى ڕاپۆرتەکەى نیویۆرک تایمز کە باسی لەوەکردبوو ئەمریکا بەنیازە 120 هەزار سەرباز ڕەوانەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ئێران، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، پێموایە ئەو هەواڵە درۆیە، ئێمە تائێستا پلانی ئەوەمان دانەناوە و ئومێدیش دەکەین ناچار نەبین پلان دانێین. ترەمپ وتیشى، "لە هەر ئەگەرێکیشدا ئەوە بکەین، ئەوە هێزی زیاتر دەنێرین."