ناس کورد-
بریکارى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، چەندین بژاردە تاوتوێدەکرێت بۆ هەماهەنگى سەربازى هەرێم و بەغدا لەناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بەڵام هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەربەست لەزگین (24ی تشرینی دووەمی 2020) لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە وتى "هەردوو ناوەندى هەماهەنگى سەرەکى بەغدا و هەولێر دەستبەرکاربوون لەنێوان هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق".
وتیشى کۆبوونەوەیەکى دیکە دەکرێت بۆ کاراکردنى سەنتەرەکانى دیکەى هەماهەنگى لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.
لەبارەى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، سەربەست لەزگین وتى "چەندین بژاردە هەیە و گفۆتوگۆیان لەسەر دەکرێت و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە، وەک دروستکرنى هەندێ هیڵى هاوبەش و دەڤەرى هاوبەش لەو ناوچانە".
هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و سوپاى عێراق (13 تشرينى یەکەمى 2020) لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن، بەمەبەستى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان. کە یەکەمیانیان دەستبەکاربوونى سەنتەرەکانى هەماهەنگى ئەمنى هاوبەشى نێوان هەولێر و بەغدایە.
خاڵى دووەمى ڕێککەوتنەکە تاییەتە بە پێکهێنانى لیژنەى ئەمنى و سەربازى مەیدانى هاوبەش بۆ هەڵسەنگاندنى ئاڵنگارییە ئەمنییەکان بەپێی کەرت و میحوەرەکان، دانانى نەخشە ڕێگا لەو بارەیەوە.
هەروەها لەخاڵى سێیەمى ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، دەستدەکرێت بە کارى ئەمنى و سەربازى لە کەرتى دیالە بۆ دروستکردنى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش و رێککەوتن لەسەر میکانیزمى کارکردنى خاڵەکانى پشکنین و ئەنجامدانى پڕۆسەى سەربازى و ئەمنى هاوبەش دژى تیرۆر.