گه‌ڕان

Shadow Shadow

مردن بە کۆرۆنا!

2020.11.24 - 15:20

هیوا عومەر

ڕێژەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بە نەخۆشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە، ژمارەی مردووان نزیک دەبێتەوە لە سێ هەزار کەس، لەو بارەیەوە داهات حەوێزی بەڕێوەبەری ‏نەخۆشخانەی شەهید د. ‏هێمنی تایبەت بە ‏کۆرۆنا لە سلێمانی بۆ دەزگانی ڕاگەیاندنی ئاشکرا کردووە؛ "لە سلێمانی لە ١٠ مردووی کۆرۆنا هەشتیان بەهۆی ‏نەبوونی جێگا‌ و کارمەندی ‏پێویستەوە ‏دەمرن". واتە ئەگەر وەزارەتی تەندرووستی ستافی تەواو و پێداویستییەکانی و ژمارە و کوالێتی ژوورەکانی چاودێری چڕی دابین بکردایە، ڕێژەی گیان لە دەستدان لەسەر ئاستی هەرێم لە%80 کەمتر دەبوویەوە. بەمانایەکی تر لەسەدا %80ی ئەوانەی تا ئێستا گیانیان لە دەستداوە، بەرپرسیارەتییان دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەت و سیستەمی تەندرووستییەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاخر ئەگەر ئەوە ڕای گشتی و خەمی گشتی درووست نەکات و نەبێتە چەقی سیاسەت ئەی چی دیکە گرنگە؟ دەکرێت ڕۆژانە دەیان هاووڵاتی گیان لە دەست بدەن و ئێمەش تەنیا بینەر بین.

 

دەکرێت ئەوە ڕۆڵی دەسەڵات بێت لەوەی هیچ بەرپرسیارەتییەک لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەڵناگرێت، لە لاکەی تردا، کەرتی گشتی تەندرووستی و ئەوانیتر لە پێناو دۆزینەوەی بازاڕ بۆ کەرتی تایبەت فەرامۆش بکات، تەنانەت هەندێک ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە پێشتر ئەنجام دەدرا کە ڕێژەی تووشبووان و مردن لە %80ی ئێستا کەمتر بوو، ئێستا ئەوەش ناکات، ئەگەر پیاسەیەکی شوێنە گشتییەکان و ناو بازاڕ بکەیت دەبینین هەزاران کەس لە کافتریا و شوێنە داخراوەکان بەبێ هیچ هۆکارێکی خۆپارێزی کۆبوونەتەوە، ئەوە چ مانایەک دەگەیەنێت قوتابخانە و زانکۆکان بەناوی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دابخەیت، بەڵام کافتریا و مزگەوت و دەیان شوێنی دیکە بکەیتەوە کە هەزاران کەس تیادا کۆدەبنەوە!

 

لەم ڕۆژانە هاوڕێیەکم بینی گوتی: لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری دێمەوە، گوتم چۆن ئەی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان بۆ خۆپارێزی دانەخراون؟ گوتی: هاوڕێ ئەوە چی دەڵێیت، ئەو ئاهەنگەی من بۆی چووم لە هەولێر تەنیا بە پێشکەشکردنی  چەند سەد دۆلارێک بۆ لایەنی بەرپرسیار، ڕێگایان پێداین بە ئارەزووی  خۆمان ئاهەنگبگێڕین و تێریش هەڵپەڕین؟!

چەند پرسیارێک لێرەدا بۆ بیرکردنەوە و بایەخدان و دروستبوونی ڕا و هاوخەمی گشتی دەخەمە ڕوو:

 

- بۆچی خزمەتگوزاری تەندرووستی بەم دۆخەی ئێستا گەیشت، ئەی بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی و جڤاکی حکوومەت لە کوێدایە؟ کێ بەرپرسیارە لە گیان لە دەستدانی سەدان هاووڵاتی بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندرووستییەوە؟

- لە کاتێکدا ڕێژەی تووشبووان و گیان لە دەستدان لە بەرزبوونەوەدایە هۆکار چییە هەزاران هاووڵاتی جمەیان دێت لە گازینۆ و یانەکانی شەوانە و مزگەوت و شوێنە داخراوەکانی دیکە، بەبێ هیچ هۆکارێکی خۆپارێزی؟

 

- باشە نهێنی ئەوە لە کوێدایە خوێندنگا و زانکۆکان و شوێنە زانستییەکان بەهۆی کۆرۆنا داخراون، بەڵام گازینۆ و یانەکانی شەوانە و مزگەوت و شوێنە داخراوەکانی تر بەبێ هیچ هۆکارێکی خۆپارێزی کراوەن و هەزران خەڵک تیایاندا جمەیان دێت؟ باسی شوێنی کار و کاسبی هاووڵاتییان ناکەم ئەگەر دابخرێت لەسەر حکوومەت واجبە قەرەبوویان بکاتەوە، ئەگەریش بکرێنەوە نابێت بەبێ دەمامک و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بکرێنەوە، وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین.

 

- هۆکار چییە سەردەمانێک ڕێژەی تووشبووان و گیان لە دەستدان لە %80ی ئێستا کەمتر بوو، بەڵام ڕێکارەکانی خۆپارێزی و گرینگیپێدان لەوپەڕی بەهێزیدا بوو، بەپێچەوانەوە ئێستا ڕێژەی تووشبووان و گیان لە دەستدان خەریکە بگاتە لوتکە، کەچی جگە لە هەندێک ڕێنمایی تایبەت بە تاکپارێزی هیچ ڕێکار و بەرپرسیارەتییەک لە لای حکوومەت نابینین؟

- ڕۆڵی کەرتی تایبەت چییە لەم دۆخە، دەکرێت گیانی هاووڵاتییان تەسلیم بە بازرگانانی ئەو کەرتە بکرێت، ئەوانیش بە لۆژیکی (تا ژمارەی نەخۆش زیاتر بێت قازانجی زیاتر دەکەین) مامەڵە بە گیانی هاووڵاتییان بکەن، بەپێی بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکان نەخۆشی کۆرۆنا هەیە یەک دەرزی بە زیاتر لە سێ هەزار دۆلار لە کەرتی تایبەت کڕیوە، بەڵام دواتر پیان گوتووە ئەم دەرزییە هیچ سوودێکی نییە؟!

 

- مۆدێلی سیستەمی تەندرووستی و نەبوونی بودجە و گرنگی پێنەدانی حکوومەت بە کەرتی تەندرووستی گشتی و ئیهمالکردنی، پرسی کۆرۆنای لە پرسێکی گشتی و مرۆییەوە نەکردۆتە دەرفەتێکی تر بۆ بازرگانی پێوەکردن لە کەرتی تایبەتی تەندرووستی؟ لە کاتێکدا هەموومان دەزانین کێن ئەوانەی لە پشت نەخۆشخانە تایبەتییەکان و بازرگانانی دەرمانەوەن؟