گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’گومانێکى’ بەغدا ئاشکرادەکات

سەعدى پیرە: پێویستە سەرۆکى شاندى هەرێم کەسێک بێت کە ناوی لە بەغدا خۆشە

2020.11.24 - 13:47
سەعدى پیرە: پێویستە سەرۆکى شاندى هەرێم کەسێک بێت کە ناوی لە بەغدا خۆشە

ناس کورد-

سەعدى پیرە رایگەیاند، پێویستە هەرچی زووە هەرێم شاندێکی بەهێز بنێرێتە بەغدا و سەرۆکەکەشى کەسێک بێت کە ناوى لەبەغدا خۆشە و خەڵک گوێی بۆ رادەگرێت.

 

سەعدى پیرە، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى (24ی تشرینی دووەمی 2020) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئەنادۆڵى تورکی کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، پێیوایە باشترین بژاردە ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێم ماددەی حەوت لە یاساى کورتهێنانى دارایی جێبەجێ بکات و ئەو بڕە نەوتەی رێککەوتنی لەسەرکراوە بدرێت بە بەغدا و لەم حاڵەتەشدا، بەغدا بەشە بوودجەی هەرێم دەنێرێت.

 

وتیشی "من پێموایە ئەگەر داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێ نەکرێت ئەوا کێشەکان کۆتاییان پێ نایەت، چونکە عێراق تا ساڵی ٢٠٢٣ سەقامگیری دروست ناکات، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بەهانە دەداتە دەست عێراق".

 

بەوتەى سەعدى پیرە، ئێستا عێراق گەیشتووتە گومانێک کە لایەنە سیاسییەکان نایانەوێت ئیعتراف بە عێراقیبوونی خۆیان بکەن، "من پێموایە لەم کاتەدا ئەمە کارێکی خراپە".

 

هەروەها پێیوایە کە لەم حاڵەتەی ئێستادا، باشترە شاندێک بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو رێککەوتننامەکە بکەن و وتی "باشترین چارەسەر بۆ ئەوەی هەرێم بپارێزین ئەوەیە کە هەرچی زووە شاندێکی بەهێز بنێرێتە بەغدا و سەرۆکی شاندەکە کەسێک بێت کە ناوی لە بەغدا خۆشە و خەڵک گوێی بۆ رادەگرێت، ئەو شاندە بچێت بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتننامەی کاک قوباد تاڵەبانی کردوویەتی ئەوا ئەوە جێبەجێ بکرێت".

 

ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتى هەرێمى کوردستان دوێنێ رایگەیاند، شاندی دانوستانکار سەردانی بەغدا دەکات و بە هیچ شێوەیەک سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن.  

 

بەپێی راگەیەنراوێکى حکومەت (23ی تشرینی دووەمی 2020) کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کوتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/11/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانکاری ھەرێم لە گەڵ بەغدا کۆبووەوە.  

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و داکۆکیکردن لە شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لە پێش هەموویانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.  

 

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.  

 

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەردەوام داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.  

 

بەپێی راگەیەنراوەکە، هەر لە کۆبونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی تاووتوێ کرا هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا دەکات.