گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

وادەى ناردنى پڕۆژە یاسای بودجەى 2021 بۆ پەرلەمان ئاشکرا کرا 

2020.11.23 - 14:41
وادەى ناردنى پڕۆژە یاسای بودجەى 2021 بۆ پەرلەمان ئاشکرا کرا 

ناس کورد- 

ئەندامێکى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لەدوو هەفتەى داهاتودا پڕۆژە یاساى بودجەى 2021 دەگاتە پەرلەمان و زیاتر لە 30 تریلیۆن دینار قەرزیشى تێدایە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنان.

 

لەمیانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەحمەد حاجى ڕەشید ئەندامى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق (23ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، بڕیار وایە لەدوو هەفتەى داهاتوودا پڕۆژە یاسای بودجەى ساڵى 2021 بگاتە پەرلەمان.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، پێدەچێت لیژنەى یاسایى تەرخانکردنى پارە بۆ هەڵبژاردنەکان ڕەتبکاتەوە ئەوەش بەمەبەستى فشار بۆ سەر حکومەت بۆ ئەوەى بودجەکە بەپەلە ڕەوانە بکات.

 

دەشڵێت :"لەدواى ناردنى بودجەکەش لیژنەکەیان یەک مانگى هەیە بۆ تاوتوێکردنى و ئەوەش وا دەکات پڕۆژەکە نەبێتە یاسا لەسەرەتاى ساڵى 2021 دا و بۆیە موچەى مانگى کانوونى دووەمى گرفتى بۆ دروست دەبێت گەرچى حکومەتى عێراق ڕاست ناکات لەو بابەتەدا و پارەى هەیە و دەتوانێت بەیاسای بەڕێوەبردنى دارایى ئەوە چارەسەر بکات".

 

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى باسى لەوەش کردووە، بەپێى زانیارییەکان پڕۆژە بودجەى 2021 زیاتر لە 30 تریلیۆن دینار قەرزى تێدایە کە کورتهێنانى پێبڕکراوەتەوە.