ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌رى ناوچه‌كانى باكور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا، ده‌یه‌وێت ته‌واوى كه‌سوكارى چه‌كداره بیانییه‌كان ڕاده‌ستى وڵاته‌كانیان بكاته‌وه، بوونى زیاتر له 6 هه‌زار چه‌كداری داعش‌یش له زیندانه‌كان به مه‌ترسى ده‌بینێت.
.
كه‌مال عاكف، وته‌بێژى ناوه‌ندى په‌یوه‌ندییه دیبلۆماسییه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌رى ناوچه‌كانى باكور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا به ئاژانسى هاوار نیوز-ى ڕاگه‌یاندووە، له مانگى ئایارى ئه‌مساڵدا، 35 منداڵى ڕاده‌ستى حكومهتەکانى فه‌ڕه‌نسا، ڕوسیا، سودان، دوما و سوید كردۆته‌وه، كه منداڵه سویدییه‌كان ته‌مه‌نیان كه‌متر له 10 ساڵ بووه.
.
کەمال عاکف وتیشی، 100 ژن و منداڵى چه‌كدارانى داعش ڕاده‌ستى حكومه‌تى كۆسۆڤۆ و 70 منداڵ و 30 ژن ڕاده‌ستى حكومه‌تى كازاخستان كراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها داوا له حكومه‌تى هۆڵه‌ندا كراوه كه پێنج منداڵى خێزانێكى هوڵه‌ندى كه له‌نێو چه‌كدارانى داعش گیانیان له‌ده‌ستداوه وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تى هۆڵه‌ندا هیچ هه‌ڵوێستێكى نیشان نه‌داوه.
.
" ئێمه پێویستمان به هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، چونکە زیاتر له 5 هه‌زار چه‌كدارى سوریى و عێراقى و وڵاتانى دیكه‌ى عه‌ره‌بى و زیاتر له هه‌زار چه‌كدارى وڵاتانى بیانى كه هاوڵاتى 50 ده‌وڵه‌تى جیهانین، له‌نێو داعش دهستگیكراوە مەترسیدارەکانن، له‌نێو كامپى هۆڵدان و له‌ژێر چاودێرى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌رى ناوچه‌كانى باكوو رو ڕۆژهه‌ڵاتى سوریان، ئه‌و دۆخه مه‌ترسیداره و پێویسته چاره‌نووسى ئه‌و چه‌كدارانه یەکلا بکرێنەوە"، عاكف واى وت.
.
پێشتر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆسه‌ر له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، له‌ماوه‌ى شه‌ڕى داعشدا هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات "ههسەدە"، توانیویانه 6 هه‌زار چه‌كدارى داعش ده‌ستگیربكه‌ن و له‌ژێر چاودێرى هێزهكانیانن كه هه‌زار چه‌كداریان بیانین، هاوكات 30 هه‌زار كه‌س له خێزانى چه‌كدارانى داعش‌یش له پاش كۆتایى شه‌ڕى باغوز نێردراونه‌ته كامپى هۆل كه له نێویاندا 8 هه‌زار منداڵ و 4 هه‌زار ژن هه‌ن.
.
.