گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیان بە هەرێم دەگەیەنێت؟

لێدوانى ئەندامێکى لیژنەى دارایى لەبارەى گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ سەر بەغدا

2020.11.22 - 22:44
لێدوانى ئەندامێکى لیژنەى دارایى لەبارەى گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ سەر بەغدا

ناس کورد- 

ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، کۆکردنەوەى واژۆ بۆ ئەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بخرێتە سەر بەغدا وەک پرۆژە یاسایەک مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت و پێویستە لەگەڵ حکومەتیشدا قسە بکرێت.

 

ئەحمەد حاجى ڕەشید، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق (یەکشەممە 22ى تشرینى دووەمى 2020) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردوە ڕایگەیاند، پڕۆژەى کۆکردنەوەى واژۆ بۆ ئەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بخرێتە سەر بەغدا ئێستا پێویستە وەک پرۆژە یاسا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.

 

باسى لەوەشکرد، لەدەسەڵاتى پەرلەمانە پرۆژە یاسا پێشکەش بکات و دواى ئەوە پێویستە لەگەڵ حکومەتدا قسە بکرێت چونکە پرۆژەکە تایبەتە بە دارایی و دواتر دەکرێت بە یاسا.

 

ئەو پەرلەمانتارە ڕونیشیکردوەتەوە، هەموو ئەوەى باس دەکرێت گوایە ئەو پڕۆژەیە زیان بە هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت ورد نییە چونکە پرۆژەکە دەرچەیەکە و دەتوانێت کێشەى موچە چارەسەر بکات، پەرلەمانتارانى کورد ماوەى دوو ساڵە چاوەڕێن بگەنە ڕێککەوتن لەپێناو ئەوەى بابەتى موچەى فەرمانبەران لە مەترسیەکان دوربخرێتەوە.

 

ئەحمەد حاجى ڕەشید هێماى بۆ ئەوەشکرد، کێشەى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران بەهۆى پابەندنەبونى هەرێمەوە بە پابەندبونە داراییەکان و ئەرکەکانى سەرى بەردەوامە، موچەى فەرمانبەران کە بە هێڵى سورى دەزانین چووەتە قۆناغى مەترسى و هەڕەشە و بڕینەوە.