گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنەیەکى لە نەخۆشخانە بڵاوکرایەوە

دوایین زانیارى لەبارەى دۆخى تەندروستى فەرید ئەسەسەرد

2020.11.22 - 20:27
دوایین زانیارى لەبارەى دۆخى تەندروستى فەرید ئەسەسەرد

ناس کورد-

لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، فەرید ئەسەسەردقۆناغی مەترسی کۆرۆناى تێپەڕاندووە و تەندروستی جێگیرە.

 

لاهور شێخ جەنگى (22ى تشرینى دووەمى 2020)  لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى "ئێوارەی ئەمڕۆ لە سلێمانی سەردانی هەڤاڵ فەرید ئەسەسەرد ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیم کرد، خۆشحاڵ بوم بەوەی  قۆناغی مەترسی نەخۆشی تێپەڕاندوە و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە و بەرەو باشبوون دەچێت".

 

سەرچاوەیەکى نزیک لە فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی (28ى تشرینى یەکەمى 2020)  رایگەیاند، ناوبراو ڤایرۆسى کۆرۆناى تێپەڕاندووە بەڵام بەهۆی چەند شوێنەوارێکی پەتاکەوە بەم نزیکانە سەردانی دەرەوە دەکات بۆ چارەسەر.  

  

سەرچاوەکە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى  بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "تەندروستى ئەسەسەرد لەئێستادا جێگیرە بەڵام کەمێک ماسولکەکانى قاچى سستە بۆ ئەو مەبەستەش ڕەنگە سەردانێکى دەرەوەى وڵات بکات".  

    

سەرچاوەکە جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، "پەتاى کۆرۆناى تێپەڕاندووە بەڵام هەروەکو حاڵەتێکى ئاسایى شوێنەوارەکانى ئەو پەتایەى بەسەرەوە ماوە."  

  

فەرید ئەسەسەرد لە شەستەکانى تەمەنیدایە و چەندین ساڵە بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتیە و لە کۆنگرەى چوارەمیشدا بەرپرسیارێتى سکرتێرى ئەنجومەنى سەرکردایەتى ئەو حزبەى پێسپێردراوە و چەند ڕۆژێکیش پیش ئیستا بەهۆى توشبوونى بەڤایرۆسى کۆرۆنا داخڵى نەخۆشخانە کرا لە شارى سلێمانى.