گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کابوسى گەڕان بەدواى کاردا

چیرۆکى سۆلین؛ ’کار بەرانبەر سێکس’

2020.11.22 - 19:01
چیرۆکى سۆلین؛ ’کار بەرانبەر سێکس’

ناس کورد-

ساڵى 2018 بۆ سۆلین ئێڤێ هەم بەدیهاتنى خەونە گەورەکەى بوو هەم بوو بە کارەساتێک کە تا ئێستاش پێوەى دەتلێتەوە تا دواجار خۆى لە کونجى زیندان بینییەوە.

 

سۆلینى 25 ساڵان هەر لەسەرەتاى پێگەیشتنییەوە، وەکو کچێکى ئاسایی نەمایەوە، بەڵکو وەکو کچێکى بزێو گەڕا بەدواى بەدیهێنانى خولیاکانى، تەمەنى تەنها 15 ساڵ بوو کاتێک لە دهۆک یەکەم پێشانگاى شێوەکارى کردەوە.

 

سۆلین یەکێکە لەکچە چالاکوانە دیارەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک، بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکییەکانى خۆى بڵاودەکردەوە، تا پێش ماوەیەک لەمەوبەر کاتێک بڵاوکردنەوەى چالاکییەکانى گۆڕى بۆ بانگەوازکردن بۆ پشتیوانى لە کەیسى توندوتیژى سێکسى بەرانبەرى.

 

کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2018 کاتێک سۆلین دواى تەواوکردنى کۆلێژى ئەندازیارى هەوڵەکانى خستەگەڕ بۆ گەڕان بەدواى کاردا لە یەکێک لە رێکخراوەکانى تایبەت بە ژنان. تا یەکێک لە رێکخراوەکان بانگهێشتیکرد بۆ چاوپێکەوتن.


سۆلین لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا لە هەژمارەکانى خۆى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە و "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە باس لەوە دەکات، "دواى دەرچوونم لە زانکۆ ویستم لە بوارى ژناندا کاربکەم بەرێوەبەرى رێکخراوەکە توندوتیژى سێکسى بەرانبەرم ئەنجامدا، بەڵام من خۆم رزگارکرد".

 

سۆلین ئەو رۆژە بەتەنها نەبوو، بەڵکو دوو کچى دیکەى لەگەڵدا بووە، کە یەکێکیان لەژورەوە بووە لەگەڵیدا "هاوارمکرد و لەگەڵ کچە هاوڕێکەم بەهەموو هێزمانەوە لێماندا".

 

"شتێکى مەزن بوو بۆ ئێمە کە بەڕێوەبەرى رێکخراوێک موقابەلەمان بکات بۆ وەرگرتن بۆ کار، بەڵام نەک لەبەرانبەر کاردا داواى شتى دیکە بکات، نەک ئەوەش بەڵکو هەوڵى ئەوە بدات ئەو کارە بکات کە دەیویست، بەڵام من بەرگریم کرد و رێگەمنەدا".


دواى ئەو رووداوە، سۆلین بێدەنگى لەو کەیسە کرد و پەناى نەبردە بەر دادگا، بەڵام دواى چەند مانگێک توشى شۆک بوو کاتێک دادگا ئاگاداریکردەوە کە سکاڵاى لەسەر تۆمارکراوە لەلایەن ئەو کەسەوە کە سۆلین بە هەوڵى دەستدرێژیکردنە سەرى تۆمەتبارى دەکات.



"من تەسەورمنەدەکرد پیاوێکى تەمەن 60 ساڵ سکاڵا تۆماربکات و داواى پێنج دەفتەر دۆلار بکات بۆ ئەوەى بێدەنگ بم لەو بارەیەوە، لەبەرئەوەى من وەڵامم هەبووە بۆ هەوڵەکەى و لێمداوە".

 

لەبارەى ئەوەى چۆن لەگەڵ هاوڕێکانى هێرشیان کردووەتە سەر بەڕێوەبەرى ڕێکخراوەکە سۆلین دەڵێت "کاردانەوەى کچێک دەبێت چى بێت کاتێک کەسێک بیەوێت دەستدرێژى بکاتە سەر، من هاوارمکرد تا هاوکارەکانم لەدەرەوە هاتن بە فریام کەوتن".

 

دەشڵێت "دوو کچ لە ژورەوە بووین، کچێکیش لەدەرەوە بوو بەهەموو هێزى خۆمان بەو پیاوەماندا کێشا، بیرم نەماوە چۆن بوو بەڵام ئەوکات هەموو هێزى خۆمان بەکارهێنا بۆ ئەوەى لێی بدەین".

 

ئەو پیاوە لە سکاڵاکەیدا لەدژى سۆلین و هاوڕێکانى وتویەتى کە 15 رۆژ کەوتووەتە نەخۆشخانە، کاتێکیش سۆلین بەوەى زانى بریاریدا کەیسەکەى بۆ دادگا ئاشکرابکات و سکاڵاى لەسەر تۆمارکرد، بەڵام نەبوونى بەڵگە کارەکەى سەختکرد.

 

"سکاڵامان کرد بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەدەستى ئێمەدا نەبوو، چونکە کامێراى چاودێرى لێنەبوو"، سۆلین وا دەڵێت.

 

دواى نزیکەى دوو ساڵ، دواجار دادگا بڕیاری زیندانیکردنى سۆلینى دەرکرد بەتۆمەتى هێرشکردنە سەر پیاوەکە، ئەمڕۆش سۆلین خۆى رادەستى پۆلیس کرد و دەستگیرکرا.

 

سۆلین تا پێش دەستگیرکردنى، شێوازێکى تایبەتى بۆ ژیانى ئاسایی خۆى هەڵبژاردبوو، رۆژانە کاتژمێر شەشى بەیانى دەستیدەکرد بە ئەنجامدانى یۆگا وەک خۆى دەڵێت ئەوە سەرەتاى دەستپێکى هەموو رۆژێکى نوێیەتى.

 

ئەو دوور لە پسپۆڕییەکەى خۆى کە پلاندانانى ئەندازیارییە، زیاتر خۆى هونەردا بینییەوە، لە بوارى مۆزیکدا ژەنیارى دەفە و بەشدارى چەندین کۆنسێرتى کردووە وەک خۆى دەڵێت، بە شەش وانە فێرى دەفژەنین بووە، یەکێک لە بەهرەکانى دیکەى تیروکەوانییە، بەم دواییانەش رویکردە کارى بێژەرى.

 

سۆلین لە کونجى زیندانەوە چاوى لە دوایین پڕۆژەیەتى کە ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاریدا ئەنجامى بدات، ئەویش چالاکییەکى رۆشنبیرى و هونەرییە لەناو دهۆک تایبەت بە  ژنانى هەر چوارپارچەى کوردستان، کە بڕیاربوو لە  25 ى ئەم مانگەدا لەدهۆک بەڕێوەبچێت.

 

"داوا لە دادگا دەکەم رێگەم پێبدات تەنها ئەو چالاکییە بکەم، بەڵام بەهۆى زیندانیکردنمەوە ناتوانم ئەو چالاکییە بکەم".

 

خەونى سۆلین ئەوەیە ئاشکراکردنى کەیسەکەى ببێتە هۆى هاندانى ژنان و کچان تا کەیسەکانى دەستدرێژى و توندوتیژى بەرانبەریان نەشارنەوە "ئەمە تەنها کەیسى من نییە، کەیسى چەندین کچى دیکەیە کە هەمان کەیسى هەیە و بێدەنگى لێکراوە".


سەرەڕاى بانگەشەکانى سۆلین لەو بارەیەوە، بەڵام لە دادگا نەیتوانیوە قسەکانى بسەلمێنێت، بۆیە بە بڕیارى دادوەر دەبێت شەش مانگ لە زیندان بمێنێتەوە، بەتۆمەتى ئەوەى قسەکانى نەسەلماندووە و دەستى بەسەر دوو لاپتۆپى ئەو کەسەدا گرتووە کە تۆمەتباریدەکات بە هەوڵى دەستدرێژیکردنە سەرى.



محەمەد شەرەڤانى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى دهۆک لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان دەڵێت، بڕیارى زیندانکیردنى سۆلین راگیرابوو، بەڵام سکاڵاکارەکە رازى نەبووە کە بریارەکە جێبەجێنەکرێت، سۆلین تۆمەتبارە نەک سکاڵاکار.



بڕیارى زیدانیکردنى سۆلین بە پێی ماددەى 452 لە یاساى سزادانى عێراقى دراوە، کە بەپێی ماددەکە هەر کەسێک بەهەڕەشە کەلوپەل لە کەسێکى دیکە بسەنێت لەنێوان 10-15 ساڵ زیندانیدەکرێت.



بەڵام سۆلین دەڵێت "من لە دادگا وتم کە بێتاوانم و بەرگرى لە مافى خۆم دەکەم، کێشەکە ئەوەیە کەس بڕوا بە کچان ناکات کاتێک دەڵێن دەستدرێژیان کراوەتەسەر".



"بۆمن زۆر ئاساییە بچمە زیندان، لەهیچ شتێک ناترسم، پەیامى من بۆ هەموو کچان و ژنان ئەوەیە داواى ئازاى من بکەن، چونکە ئەوە کەیسى هەمووانە"، سۆلینا وایوت.

 

کەیسەکەى سۆلین هاوسۆزى بۆ پەیدا بووە بەتایبەت لەلایەن رێکخراو و چالاکوانانى ژنانەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەبەردەم دادگاى دهۆک گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان لە بڕیارى دادگا نیشاندا.

 

"ئەو ڕۆژە که ئەڕۆم بۆ زیندان، پەرتوکێکی مێژوویی کوردی لە گەڵ خوم ئەبەم. بەدەستی خۆم ناو لاپەرەکانی ئەنووسم: «کچێکی کورد لەسەر پاراستنی شەرەفی خۆی زیندانی کراوه»" ئەوە دوایین وتەى سۆلینە پێش ئەوەى بەپێی خۆى بڕوات بۆ بنکەى پۆلیس تا زیندانى بکرێت.