گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’گۆڕانی قوڕبەسەر’

بەرپرسێکى یەکێتى: سڕکردنی مەلا بەختیار و سەرنج ڕاکێشان بۆ قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق بوێرانە بوو

2020.11.22 - 16:34
بەرپرسێکى یەکێتى: سڕکردنی مەلا بەختیار و سەرنج ڕاکێشان بۆ قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق بوێرانە بوو

ناس کورد-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی رایگەیاند، نوێنەرانی حیزبەکەی لە حکومەتی هەرێمدا، هیچ دەسەڵاتێکیان پێنەدراوە، بڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار و سەرنج ڕاکێشان بۆ قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق، بڕیارێکی بوێرانە و دروستی حیزبەکەی بوو.

 

حامیدی حاجی غالی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند "وەزعی خەڵک باش نیە، بێ موچەیی نەهامەتیە بۆ خەڵک، حیزبەکان تەنها تاوانیان ئەوەیە کە ڕاناپەڕن، ڕاپەڕینیش زۆر دەکەوێت لەسەر حیزبەکان، چونکە ئەم هەرێمە دەرئەنجامی هەزاران شەهید و پەنجا ساڵ خەبات و دەردەسەریە، گەر حیزبەکان قیادەی خەڵک بکەن و ڕاپەڕن، دەترسن حکومەتەکە و هەرێمەکە بڕوخێنن و خراپ لەسەریان بکەوێت، بۆیە پەندێکی کوردی هەیە، دەڵێت: جام کەپڕبوو، لێی دەڕژێ، دیارە هێشتا جامەکە پڕ نەبووە."

 

وتیشی "حیزبەکان حکومەتیان پێکنەهێناوە، بۆ نموونە یەکێتی و گۆڕان لەحکومەتدان، بەهەردووکیان و وردە حیزبەکانی سەربە پارتیش، بەقەد دوو وەزیری پارتیان بەدەست نییە، ئەو وەزارەتانەش کە پێیاندراون، ئەو وەزارەتانە نین بڕیاریان تێدا جێبەجێ بکرێت، پارتی هەمووشتی پاوان کردووە، ئیتر ئەمە بیانوو گرتنە بە گۆڕانی قوڕبەسەر و کۆمەڵ و ئەوانیتر."

 

حامیدی حاجی غالی دەڵێت "یەکێتی لە تاواندا پشکی لە حیزبەکانی تر زیاترە، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم بەرپرسە، چونکە سەرۆکی هەرێم و حکومەت و زۆرینەی پەرلەمانیشە، چی بوێت دەیکات، دەبێت ئارام بگرین، بزانین وەزعەکە بۆ کوێ دەڕوات، تا پارتی بە ئاگا دێتەوە و واز لەو غروریەتە دێنێ."

 

حامیدی حاجی غالی پێیوایە بڕیارى سڕکردنى مەلا بەختیار و دەرکردنى سزای سەرنج ڕاکێشان بۆ قوباد تاڵەبانی و ڕێواز فایەق بڕیارێکی دروستە و دەڵێت "هەرچەندە من لەوێ نەبووم و دەنگم نەدا، بەڵام بڕیارەکە سەد دەرسەد دروست بوو، بڕیارێکی بوێرانە بوو، دەبووایە زووتر ئەو بڕیارە بدرایە و دوا نەخرایە."

 

سەبارەت بە هۆکاری پشتگیری کردنی لەبڕیاری سڕکردنی مەلا بەختیار، لەکاتێکدا ئەو بیرەوەریەکانی نوسیوەتەوە، حامید حاجی غالی، دەڵێت"بیرەوەری نوسیووە بۆ بێحورمەتکردنی یەکێتی، چی سەروەریەکانی یەکێتی یە، داویەتی بە خۆی و ئاڵای شۆڕش، کە هیچی وانیە."