گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

میکانیزمى دامەزراندن لە فرۆکەخانەى کەرکوک ئاشکرا کرا

2020.11.22 - 15:52
میکانیزمى دامەزراندن لە فرۆکەخانەى کەرکوک ئاشکرا کرا

ناس کورد- 

سەرۆکى بەرەى تورکمانى کە پەرلەمانتارى عێراقیشە، داوا دەکات ئەو هەلى کارەى کە لەفڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى کەرکوکدا ڕەخساوە لەسەر بنەماى ڕێژەیى بێت بۆ گەنجانى دانەمەزراوى پێکهاتەکانى شارەکە و دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە قسەیان لەگەڵ وەزارەتى گواستنەوەدا کردووە.

 

لەڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپیەکى بە دەستى ناس کورد گەیشتووە، ئەرشەد ساڵحى، پەرلەمانتار و سەرۆکى بەرەى تورکمانى (یەکشەممە 22ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاندووە، فڕۆکەخانەى کەرکوک دەرفەتى هەلێکى کارى بۆ ئەو گەنجە دەرچووانە ڕەخساندووە کە بەردەوام خۆپیشاندانیان دەکرد و ئەوەش سادەترین مافى ڕەواى خۆیانە، بەڵام دامەزراندنى پلە وەزیفییەکان لەو فڕۆکەخانەیە لەسەر بنەماى ویست و دەستوەردانى لایەنە سیاسیەکان پەسەند ناکەن.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لەگەڵ وەزارەتى گواستنەوەدا قسەیان لەبارەى ڕەچاوکردنى بارى نەتەوەییەوە لەپارێزگاى کەرکوک کردووە، هەروەها داوایانکردووە ئەو دامەزراندنە لەسەر بنەماى ڕێژەى 32% بۆ نەتەوەکانى شارەکە بێت.

 

ساڵحى جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، سەرجەم پێکهاتەکان زیانمەندبوون بەهۆى هەڵەى کابینە یەک لەدواى یەکەکانى عێراقەوە و بەتایبەت لەڕووى دابین کردنى هەلى کار بۆ دەرچووەکان و هەروەها چەند خزمەتگوزارییەکى ترەوە.

 

سەرۆکى بەرەى تورکمانى ئەوەشى خستووەتەڕوو، پڕۆژەى ڕەخساندنى هەلى کار دەرفەتێک بۆ چینى گەنجانى دانەمەزراو دەڕخسێنێت، بۆیە داوا دەکەن ئەو پرۆسەیە لەسەر بنەماى بەرژەوەندى کەسى و حزبى بەرتەسەک بەڕێوەنەچێت.