گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێترین زانیاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە هەرێم

2020.11.22 - 15:23
نوێترین زانیاری لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە هەرێم

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بڕیارە پێش کۆتایی مانگ بڕیار لەبارەی پرۆسەی خوێندنەوە بدرێت و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، چاوەڕێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستین بۆ بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێت، پێدەچێت بۆ مانگێکی دیکە و تا کۆتایی ئەمساڵ داخستنی قوتابخانەکان بەردەوام بێت.

 

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم ئەمساڵدا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن، لیژنەی ڕوبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی دەرگاکانی خوێندن ڕاگەیاند تا سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو، بڕیاریشە بەمنزیکانە لیژنەکە جارێکیتر بۆ بڕیاردان لەو بارەیەوە کۆببێتەوە. 

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پرسە بە ناس کوردی ڕایگەیاند: " ئەگەری زۆرە لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بڕیار لەسەر دواخستنی پڕۆسەی خوێندن بدات لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا و لەمساڵدا دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی بمێننەوە ".

 

لەلایەکی دیکەوە، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە لیدوانێکی تایبەتدا  بۆ "ناس کورد" ( 22ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: " چاوەڕێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەکرێت بۆ بڕیاردان لەسەردەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خۆێندن".

 

وتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت پرسی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆی لە سەر بکرێت، بەڵام تائێستا بەفەرمی لەلایەن وەزارەتەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو  کۆبوونەوەیە".