گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەترسی لەسەر بەنداوەکان هەیە؟

کاریگەری بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکان

2020.11.22 - 13:47
کاریگەری بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکان

ناس کورد-کاروان مەحمود 

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێم دڵنیایی دەدات لە چارەسەرکردنی ئەو مەترسییانەی لەسەر بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و دەربەندیخان بەتایبەت هەبووە و راشیدەگەیەنێت، شەپۆلی بارانبارینی رۆژانی رابردوو کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر زیادبوونی ئاوی بەنداوەکان نەبووە.

 

ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێم (یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، شەپۆلی بارانبارینی رۆژانی رابردوو کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر زیادبوونی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان نەبووەو ئەگەر بەراوردیش بکرێت بە ساڵانی پێشوو، ساڵی 2018 ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم لەمساڵ و ساڵی پاریش زیاتر بوو، چونکە رێژەی بارانبارین زیاتر بوو." 



سەبارەت بەو مەترسییانەی لە سەر هەندێک بەنداو هەبوو بەهۆی کۆنی بەنداوەکان و بومەلەرزەکانی ساڵانی رابردوو بەتایبەت بەنداوی دەربەندیخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێم وتی: "ئەو گرفتانەی هەبوون چارەسەر کراون و لە بەنداوی دەربەندیخانیش ئەوەی مەترسی هەبوو چارەسەر کراوەو بەشێکی کەمی چاکسازی ماوە لە بەنداوەکە، ئەوەش مەترسییەک دروست ناکات و کار بۆ چارەسەر کردنی دەکرێت."