گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مادەی هۆشبەر لە سەتڵێ ماستدا

لە چاکسازیی گەورانی هەولێر دەستبەسەر دوو کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا

2020.11.22 - 11:34
لە چاکسازیی گەورانی هەولێر دەستبەسەر دوو کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا

ناس کورد-

لە بەندیخانەی چاكسازیی گەورانی هەولێر دەستبەسەر دوو كیلۆ ماددەی هۆشبەردا ‏گیرا  کە شۆفێرێک لە سەتڵی ماست دا شاردبوویەوە و هەوڵیداوە بیباتە ناو بەندیخانەکەوە، وتەبێژی کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، یەکەمجارە بڕێکی ئاوا زۆر دەستیبەسەردا دەگیرێت.

 

 

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری ‏كۆمەڵایەتی (یەکشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دوێنێ شەممە لە بەندیخانەی چاکسازیی گەورانی هەولێر دوو كیلۆ ماددەی هۆشبەر ‏ دەستی بەسەردا گیرا."

 

وتیشی: "شۆفێرێک کە لەوێ کاریکردووە ماددە هۆشبەرەکەی لەنێو سەتڵی ماست دا شاردووەتەوە و ویستویەتی بیباتە نێو بەندیخانەکە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ژوورەوە لەڕێگەی ئامێرێکی تایبەتەوە ئاشكراکراوە و دەستیبسەردا گیراوە و شۆفێرەکەش دەستگیرکراوە."

 

بەندیخانەی چاكسازیی گەورانی هەولێر لە ناحیەی کەسنەزانە لە هەولێر و نزیکەی  دوو هەزار بەندکراوی تێدایە.‏

 

 وتەبێژی وەزاررتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەكرد: "کەسانی ئالودەی مادەی هۆشبەر لە بەندیخانەکاندا زۆرن و ماددەکە بۆ ئەو کەسانە بردراوەتە ژوورەوە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هەرکەسێکی دیکە کە لەو ڕووداوەدا تێوەگلابێت."

 

باسی لەوەشكرد: "پێتریش حاڵەتی بردنەژوورەوەی مادەی هۆشبەر بۆ بەندیخانەکان تۆمارکراوە، بەڵام هیچ کات بەو بڕە زۆرە نەبووە و ئەمە یەکەمجارە بڕێکی ئاوا زۆر دەستیبەسەردا دەگیرێت."