گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کتێبە ئیسلامییەکان دەسوتێندرێن’’

چین سانسۆر دەخاتەسەر ’’بیرکردنەوەی’’ موسڵمانانی وڵاتەکە

2020.11.22 - 09:05
چین سانسۆر دەخاتەسەر  ’’بیرکردنەوەی’’ موسڵمانانی وڵاتەکە

ناس کورد-

ڕاپۆڕتێکی ئەمەریکی ئاشکرایکرد، چین بەشێوەیەکی مەترسیدار دەستی داوەتە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی کەمینەی مسوڵمانانی ئیگۆر، بەجۆرێک تەنانەت سانسۆریشی خستووەتە سەر ژیانی ڕۆحی و ئەنجامدانی سروتە ئاینییەکانیان، ئاماژە بەوەشکراوە، تەنانەت دیزاینی مزگەوتەکانیشی پێ گۆڕیون.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی " NPR "ی ئەمەریکی کە (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) بڵاوکراوەتەوە و "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە،  ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی چین لەئێستادا کۆتوبەندی زۆری خستووەتە سەر ژیانی ڕۆحی و ئاینیی مۆسڵمانی ئیگۆر.

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "چین موسڵمانانی ئیگۆری ناچارکردووە دەستبەرداری بەشێک لە سروتە ئاینییەکانیان بن و لە ترسی ئازار و ئەشکەنجەدانیان لەلایەن پۆلیسەوە ئەو کتێب و نوسراوانەی کە پەیوەندیان بەئاینی ئیسلامەوە هەیە لە ناوبەرن و بیسوتێنن." 

 

ڕاپۆرتە ئەمەریکییەکە باسیلەوەشکردووە: "لەماوەی ئەمساڵدا دەزگا ئەمنییەکانی چین 14 هاووڵاتی ئیگۆریان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانیان لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کڕینی کتیبە ئیسلامییەکان دەستگیرکردووە".

 

ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی " NPR "، ئەوەشی  ئاشکراکردووە، لە ئێستادا خێزانە ئیگۆرەکان  بەناچاری کتیبە ئاینییەکانیان دەسوتێنن و خۆڵەمێشی سوتاندنەکەش دەخنە ناو ئاوەڕۆکانەوە لەترسی دەزگا ئەمنییەکانی چین ".

 

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتدارانی چین موسڵمانانی ئیگۆریان لە هەرێمی ( نینگیشیا و خنان) ناچارکردووە  گومەزی مزگەوتەکان لاببەن و بەهیچ شێویەک پیتی عەرەبی لە نوسین و ڕازاندنەوەیان بەکارنەهێنن".

 

جگە لەوەش، لەساڵی 2018وە  چین سەدان خوێندنگای بەزمانی عەرەبی لەو دوو هەرێمە داخستووە و قەدەغەی کردووە.

 

هاوکات ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوەداوە کە چەند پیشەسازێکی چینی ئیگۆرەکانیان ناچارکردووە کە ماسک دروست بکەن، بەگوێرەی داتایەکی کارگێڕیی بەرهەمی پزیشکی نەتەوەیی چین، تەنها چوار کۆمپانیا پێداویستی پزیشکی بەرهەمدەهێنن لە قەیرانی نەخۆشی کۆرۆنادا لە تورکستانی ڕۆژهەڵات، بەڵام لە 30 حوزەیراندا ژمارەکە زیادبووە بۆ 51.

 

لای خۆشیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایکردووە، لە هەرێمی شینگیانگی خۆرئاوای چین بە ملیۆنان هاووڵاتی موسڵمانی ئیگۆری لە ناوچەكانی خۆیاندا لەو كه‌مپەی حكومەتی چین دروستیكردووە زیندانی كراون و ڕۆژانە ئازار و ئەشكەنجەدەدرێن.

 

دەشڵێت: "موسڵمانانی ئیگۆر ڕوبەرووی گۆڕینی دیمۆگرافیی دانیشتوان بوونەتەوە، بەوەی هاوڵاتیانی چینی براونەتە ناوچەكانیان و نیشتەجێكراون."