گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وڵاتانی دەوڵەمەند ڤاکسین دەکڕن

فرۆشی پێشوەختی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا گەیشتە 6.4 ملیار

2020.11.21 - 23:19
فرۆشی پێشوەختی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا گەیشتە 6.4 ملیار

ناس کورد-

سەرەڕاى ئەوەى تائێستا بە فەرمى ڕێگەپێدان نەدراوە بە هیچ ڤاکسینێکى دژە کۆرۆنا بەتایبەتى ئەوانەى سەرکەوتنیان ڕاگەیەنراوە، تائێستا شەش ملیار و 400 ملیۆن ڤاکسین پێشوەخت لەلایەن چەند وڵاتێکەوە کڕدراون.

 

بەپێى ڕاپۆرتێکى ناوەندى لێکۆڵینەوەى "دیوک"ى ئەمريكى کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، تائێستا 6.4 ملیار ڤاکسین فرۆشراوە و فرۆشتنى 3.2 ملیارى تر لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینى پێشوەخت.

 

ناوەندەکە ئاشکراشیکردوە، زۆرینەى ئەو ڤاکسینەی فرۆشراون تائێستا لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کڕدراون کە ئاستیی ئابوریان بەهێزە، هەروەها چەند دەوڵەتێکى تریش کە تواناى ئابوریان مامناوەندە، بەڵام تواناى دروستکردنیان هەیە لە گفتوگۆدان بۆ دابینکردنى بەشێکى زۆر وەک بەشێک لە گرێبەستى دروستکردن.

 

ڕونیشکراوەتەوە، سەرەڕاى ئەوەش ئەو وڵاتانەى ئابوریان لاوازە وەک بەڕازیل و مەکسیک تاقیکردنەوەى قەرەوێڵەیى ڤاکسینەکەیان لە وڵاتەکانیان وەک پەستانێک بەکارهێناوە بۆ کڕینى ڤاکسینەکان.

 

بەپێى هەمان ڕاپۆرت، "هندستان، یەکێتى ئەوروپا، ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا" بەشێکى زۆرى ڤاکسینەکەیان داگیرکردوە.

 

سەبارەت بەو بابەتە ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى بڵاویکردووەتەوە، ڕوونە کە سەرکردەى وڵاتەکان دەیانەوێت لەپێشدا گەلەکەیان بپارێزن، بەڵام وەڵامدانەوەى پەتاکە جیهانییە و پێویستە بە کۆمەڵ بێت.

 

لەماوەى ڕابردوودا سەرکەوتنى چەند ڤاکسینێک لە دیارترینیان ڤاکسینەکانى کۆمپانیاى "ڤایزەر"ى ئەمریکى و "بیۆنتیک"ئەڵمانى دژى پەتاى کۆرۆنا ڕاگەیەنران و ئەوەش هیوایەکى بە جیهان بەخشى بۆ کۆنترۆڵکردنى ڤایرۆسەکە.