گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێگرییەکانی گواستنەوەی موچەی هەرێم

ئەگەر و رێگرییەكانی گواستنەوەی مووچەی هەرێم بۆ بەغدا

2020.11.21 - 22:25
ئەگەر و رێگرییەكانی گواستنەوەی مووچەی هەرێم بۆ بەغدا

ناس کورد- 

لەو رۆژەی فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراقیان كرد لەئەنجامی لێكەوتەكانی تێپەڕاندنی یاسای قەرزكردن سەرباری ناڕەزایی زۆری كورد، دەوروبەری سێ یەكی پەرلەمانتارانی عێراق كە بەشێكیان كوردبوون پیشنیارێكیان بۆ گواستنەوەی موچەكانی هەرێم بۆسەر بەغدا راگەیاند.

 

ئەم پرۆژەیە كە بەمەبەستی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە بەشێوەی راستەوخۆ و دوور لە حكومەتی هەرێم داڕێژراوە، داوایەكی كۆنینەی هەندێ لە كەمپینە ناڕازییەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان و پرۆژەی هەندێ پەرلەمانتاری كورد و لیستە جیاجیا عەرەبییەكانە، لەدوا پەرەسەندنیشیدا 117 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران واژۆیان لەسەر كردووە، 21 پەرلەمانتاریتریش پشتیوانی دەكەن و 157 هەزار فەرمانبەریش داوای جێبەجێ كردنی دەكەن لەچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و بەم پێیەش لەدروشم و داواكای چووەتە دەرەوە و لەسەر مێزی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقە. 

 

ئەگەرچی ئامانجی ڕاگەیەنراو لە پرۆژەكە چارەسەركردنی قەیرانی دواكەوتن و خەرجنەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، بەڵام گرێ و گۆڵ و لەمپەر و رەهەندی یاسایی و سیاسی و تەكنیكیشی لەگەڵدا هاوپێچەو سەرەكیترین پرسیاریش كە دروست دەبێت ئەگەر هات و ئەم پرۆژەیە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ نمونە، ئیتر چ مانایەك بۆ بەردەوامی دام و دەزگاكانی حكومەتی ئێستای هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە، ئەمە جگە لەوردەكاریی ژمارە و بڕی ئەو پارەیەی گریمان دەكرێت حكومەتی فیدراڵ ئامادەبێت بۆ ئەم پرۆژەیەی خەرج بكات. 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و دۆسیەی نەوت و زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان (45 كورسی) عێراق (25 كورسی) بەدەستەوەیە، لەشەڕێكی رانەگەیەنراودایە لەگەڵ ئەم پێشنیارە، لەم میانەیەشدا میدیا و ئۆرگانەكانی نزیك لە پارتی گرنگی بەو وتار و بۆچوون و لێدوانانە دەدەن كە گومان لەئامانجی هەڵسوڕێنەرانی پرۆژەكە دەكەن تا دەگاتە لەمپەرە تەكنیكییەكان؛ لەچەشنی ئامادەكردنی لیستی موچە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی بەغدا رازییە موچەیان بدات.

 

بەرامبەر بەمەش هەڵسوڕێنەرانی پرۆژەكە ئەمە بەهۆكارێك بۆ دەرهێنانی دۆسیەی ئابوری و موچەی فەرمانبەران لەدەستی پارتی و هێزە حوكمڕانەكانی هەرێم دەزانن و لەمەش گەورەتر باس لەدەركردنی ئەو دۆسیەیە دەكەن لە بازنەی ململانێ سیاسییەكانی بەغدا و هەولێر كە لەدوای شوباتی 2014 بووە هۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم و تائێستاش ساڵانە قەیرانەكە دووبارە دەبێتەوە. 

 

هێشتا روون نییە سەرۆكایەتی پەرلەمان چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشنیاری پەرلەمانتارەكانی لایەنگری پرۆژەكەدا دەكات، بەتایبەت كە دادگای فیدراڵی پێشتر ئەوەی یەكلایی كردووەتەوە هەر هەنگاوێك لێكەوتەی دارایی هەبێت ئەوە قسەی حكومەت تێیدا لەپێشترە تا پەرلەمان، تا ئێستاش حكومەتی كازمی بەفەرمی هیچ لێدوان و بۆچوونێكی لەبارەی ناوەڕۆكی ئەم پرۆژەیە رانەگەیاندووە و پێشتریش هەوڵەكانی عەبادی بەم ئاراستەیە و تەنانەت وردبینی كردنیش لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە هیچ ئاكامێك نەگەیشتووە. 

 

لەسایەی بێدەنگی فەرمی یەكێتیدا لەدۆسیەكە لە ئێستادا هەوڵەكانی پارتی بەئاراستەی بەنادەستوری ناساندنی پرۆژەكەیە لەلایەك و بێ بەیاخكردنی ئەگەری دەرچوونی بڕیارێكی پەرلەمانیشە لەوبارەیەوە لەلایەكیتر بەتایبەت كە پەرلەمان ناتوانێت یاسایەك دەربكات ناكۆك لەگەڵ دەستور و بڕیارەكانیشی بۆ حكومەت هێزی یاساییان نییە و حكومەت ملكەچ نییە بەجێبەجێكردنیان.

 

هەر سەبارەت بەو بابەتە (شەممە 21ى تشرینى دووەمى 2020) ڕێبوار کەریم مەحمود پەرلەمانتارى کورد لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتارانى عەرەب و کورد لە پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى، بەهۆى داخوازى بەردەوامى فەرمانبەرانى ڕاستەقینەى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى مامۆستایانى ناڕازى و زانکۆ و پزیشکان و سەرجەم فەرمانبەرانى دیکە، بەهۆى بەردەوامى کێشەى موچە سەرەڕاى بونى چەندین سەرچاوەى داهات و پارەى بەغدا، گەندەڵى بێشومارى سەرچاوەکانى داهات و تەنانەت ونبونى بەشێک لەو پارەیەى بەغدا دەچێتە هەرێم، هەروەها دواخستن و لێبڕینى موچەى فەرمانبەران چەندین ساڵە بەردەوامە و خواستى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ پێدانى موچەکانیان لەلایەن بەغداوە، لەبەر ئەو هۆکارانە لەبەروارى 18ی حوزەیرانی 2020، پرۆژەى گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ سەر حکومەتى فیدراڵ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى لە شارى سلێمانى ڕاگەیاند.

 

هێماى بۆ ئەوەشکردووە: " لەم پێناوەشدا لە بەروارى 27ی تشرینی یەکەمى ئەمساڵ، نوسراوێکمان ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق کرد و بە نزیکەى 117 پەرلەمانتار و 21 ئەندامى تر واژۆیان لەسەر کردوە و پاڵپشتیەکان بەردەوام لە زیادبوندایە."

 

ڕێبوار کەریم تەئکیدیشى کردووەتەوە، پرۆژەکەیان ڕێگەى یاسادانانى خۆى وەرگرتوە لە ڕێگەى ئەو نوسراوەى بەرزیانکردوەتەوە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان، ئەوانیش ئاراستەى لیژنەى تایبەتمەندیان کردوە بۆ تەواوکردنى ڕێوشوێنە یاساییەکان.

 

 

"پڕۆژەی گواستنەوەی موچە تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە و تا بەر دەرگای پەرلەمان دەڕوات"

 

لاى خۆشیەوە لیزا فەلەکەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند: " پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەکێکە لە بەرنامە زەقەکانی بانگەشەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی کەوا جگە لە چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت." 

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "  مامۆستایەکی ئازیز یاخود فەرمانبەرێکی ماندوونەناس شایستەی ئەوە نییە بەساویلکە بزانرێت و بە دوو ژاوە ژاوی سیاسی  هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی هەست و بیرکردنەوەی بدرێت و بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و کورسییەکی پەرلەمانی، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر کەسانێک کە خۆیان کردووەتە خاوەنی پرۆژەکە لە رابردوو نەیانتوانیوە پابەندی سیاسەتی حزبەکەی خۆیان بن و بەبێ هیچ دوو دڵییەک لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان بە چاوتروکاندنێک پشتیان لە حزبەکەی خۆیان کردووە. "  

 

 

"گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغدا نادەستورییە"

 

سەبارەت با یاسایى بوونى هەنگاوەکە عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی بواری دەستوری عێراق (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە " ناس کورد"ی  ڕایگەیاند: " گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی بە پێچەوانەی هەردوو ماددەی (110) و( 121) دەستوری عێراقەوەیە".  

  

وتیشی: "بەگوێرەی بڕگەی (5) ماددەی ( 110) دەستوری عێراق، حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە پلاندانانی سیاسەتی دارایی وڵات و دابەشکردنی داهاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بە سەر هەڕێمەکان، کەدەبێت بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتوانەکانیان پشکیان لە بودجەی گشتی وڵات دەست بکەوێت".  

  

تەمیمی دەشڵیت: "بڕگەی ( 3)ی ماددەی ( 121)ی دەستوری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە دارشتنەوەی سیاسەتی دارایی و ئیداری لە هەرێمەکان لە دەسەڵاتی خۆیاندایە و حکومەتی فیدراڵی  تێکەڵ بەو پرسە نابێت".