گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندیی کۆرۆنا و جگەرەکێشان

زانایان پەیوەندى نێوان کۆرۆنا و جگەرەکێشانیان دۆزییەوە

2020.11.21 - 22:02
زانایان پەیوەندى نێوان کۆرۆنا و جگەرەکێشانیان دۆزییەوە

ناس کورد-

زانایان ئاشکرایانکرد، پەیوەندى نێوان جگەرەکێشان و توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنایان دۆزیوەتەوە و جگەرەکێشان دەبێتە هۆى ئەوەى خانەکانى ڕێڕەوى هەوا ئاسانتر تووشى ڤایرۆسەکە ببن.

 

ئاژانسى رۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) بڵاویکردووەتەوە، زانایانى زانکۆى کالیفۆرنیا لە شارى لۆس ئەنجلسى ئەمریکا لە تاقیکردنەوەیەکدا چەند خانەیەکى ڕێڕەوى هەناسەدانى مرۆڤیان بەناو لولەیەکى شوشەیدا ڕووبەڕووى ڤایرۆسى کۆرۆنا کردووەتەوە.

 

ڕونیشکراوەتەوە، تاقیکردنەوەکە دوو بەش بووە و یەکیان بەشێوەیەکى ئاسایى بووە و ئەوى تریان دواى تێپەڕاندنى دوکەڵى جگەرە بەو خانانەدا ڕوبەڕوى ڤایرۆسەکە کراونەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەوانەى دوکەڵەکەیان پێدا تێپەڕێنراوە 2 بۆ 3 هێندە زیاتر ئەگەرى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنایان هەیە.

 

بەپێى هەمان تاقیکردنەوە، ئەو خانانەى بەر دوکەڵى جگەرە دەکەون تواناى بەرگریان بۆ وەڵامدانەوەى ڤایرۆسەکە لاواز دەبێت.

 

بریگریت گۆمبێرت بەشدار لە تاقیکردنەوەکە دەڵێت: "ئەگەر بەشێوەیەک سەیرى ڕێڕەوى هەوا بکەین کە دیوارێکە و قەڵایەک دەپارێزێت، ئەوا جگەرەکێشان وەک دروستکردنى کەلێن لە دیوارەکەدا وایە، جگەرەکێشان بەرگریى سروشتى کەمدەکاتەوە و ڕێگە بە ڤایرۆس دەدات بچنە خانەکانەوە و دەستى بەسەردا بگرن".