گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەرێم و عێراق لە ڕێککەوتندان’’

كاردانەوەیەك لەناو فراكسیۆنی پارتییەوە لەبارەی گواستنەوەی موچە بۆ سەر بەغدا

2020.11.21 - 21:51
كاردانەوەیەك لەناو فراكسیۆنی پارتییەوە لەبارەی گواستنەوەی موچە بۆ سەر بەغدا

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغدا تەنها بانگەشەی هەڵبژاردنە و دەشڵێت، حکومەتی هەرێم و بەغدا لە هەوڵێکی جدیدان کە بگەنە ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئابووری  تاوەکو کۆتایی بە ململانێی حەوت ساڵەی نێوانیان بهێنن.

 

لیزا فەلەکەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند: " پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەکێکە لە بەرنامە زەقەکانی بانگەشەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی کەوا جگە لە چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "  مامۆستایەکی ئازیز یاخود فەرمانبەرێکی ماندوونەناس شایستەی ئەوە نییە بەساویلکە بزانرێت و بە دوو ژاوە ژاوی سیاسی  هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی هەست و بیرکردنەوەی بدرێت و بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و کورسییەکی پەرلەمانی، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر کەسانێک کە خۆیان کردووەتە خاوەنی پرۆژەکە لە رابردوو نەیانتوانیوە پابەندی سیاسەتی حزبەکەی خۆیان بن و بەبێ هیچ دوو دڵییەک لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان بە چاوتروکاندنێک پشتیان لە حزبەکەی خۆیان کردووە. "

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "لەهەمووشی کارەساتبارتر ئەو پرۆژەیە واژووی پەرلەمانتاری وای تیایە کە بە رەچەڵەک کوردە و  پاسپۆرتی ئەمریکی هەیە کەچی بەرژەوەندییەکانی ئەوەنە زاڵبوونەتە سەری فەرمان لە  ئەنارشیزمەکانی بەغدا وەردەگرێت، بە راستی ئەم جۆرانە ئیتر جێگەی بەزەیین."

 

 

 

 لیزا فەلەکدین لە درێژەی نوسینەکەیدا باسی لەوەکردووە: "هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لە هەوڵێکی جدیدان کە بگەنە میساقێکی سیاسی و ئابووری  تاوەکو کۆتایی بە ململانێی حەوت ساڵەی نێوانیان بهێنن، بێگومان ئەمەش هەندێک لایەنی بەتەواوی پەست و قەڵس کردووە و بە پیلانرێژی و بەرنامە جۆراجۆر دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئەو رێککەوتنانە دروست بکەن."

 

پەرلەماننتارەکەی پارتی جەختیکردووەتەوە: "حکومەتی عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و یاسییەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە دڵنیابن ئەو پرۆژەیە تا بەردەگای هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەچێت، بەڵام ناچێتە ژوورە. "

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا لیزا فەلەکەدین ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی خۆیان کردووەتە خاوەنی ئەم پرۆژەیە چاکتر وایە  سەرقاڵی پرسی گرنگتر بن کە واقعی بێت و ئەنجامی هەبێت و لە بەرژەوەندی کوردستانیان بێت، بۆ نمونە پرسی هەمواری دەستوور و هەوڵی شۆڤینییەکان بۆ لابردن و نەهێشتنی ماددەی 140، پێویستە دەستوبردێک بکەن و چۆن توانیان 117 واژووی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پرۆژەیەکی خەیاڵاوی کۆبکەنەوە ئاواش لۆبی بۆ ئەم پرسەش دروست بکەن."