گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پڕۆژەی گواستنەوەی موچە

لەڕووی دەستورییەوە دەتوانرێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سەر بەغدا؟

2020.11.21 - 21:33
لەڕووی دەستورییەوە دەتوانرێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتە سەر بەغدا؟

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

شارەزایەکی یاسایی بواری دەستوری عێراق دەڵیت، گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی بەپێچەوانەی دەستوری عێراقەوەیە، دەشڵیت، تەنها دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە و پەرلەمان ناتوانێت بابەتەکە بکات بەیاسا.

 

ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر حکومەتی عێراقی و تائێستا 117 پەرلەمانتار واژووی پڕۆژەکەیان کردووە. 

 

لەوبارەیەوە، عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی بواری دەستوری عێراق (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە " ناس کورد"ی  ڕایگەیاند: " گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی بە پێچەوانەی هەردوو ماددەی (110) و( 121) دەستوری عێراقەوەیە".

 

وتیشی: " بەگوێرەی بڕگەی (5) ماددەی ( 110) دەستوری عێراق، حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە پلاندانانی سیاسەتی دارایی وڵات و دابەشکردنی داهاتەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بە سەر هەڕێمەکان، کەدەبێت بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتوانەکانیان پشکیان لە بودجەی گشتی وڵات دەست بکەوێت".

 

تەمیمی دەشڵیت: "بڕگەی ( 3)ی ماددەی ( 121)ی دەستوری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە دارشتنەوەی سیاسەتی دارایی و ئیداری لە هەرێمەکان لە دەسەڵاتی خۆیاندایە و حکومەتی فیدراڵی  تێکەڵ بەو پرسە نابێت".

 

ڕێبوار کەریم مەحمود کە ماوەیەک بەر لە ئێستا پڕۆژەکەی ئامادەکرد، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زیاتر لە 157 هەزار واژوى فەرمانبەرانیان کۆکردووەتەوە بۆ پشتیوانى لەپڕۆژەکە. 

 

بە وتەی تەمیمی: "هەموو جۆرە پڕۆژەیەکی دارایی دەبێت بکرێت بە یاسا و لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەربکرێت، دەرکردنی هەر یاسایەکیش لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بە دەنگدانی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت و پاشان ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ دەنگدان لەسەری و دواتر پەرلەمان ڕەوانەی حکومەتی دەکاتەوە بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت".

 

"لەبەرئەوەی پڕۆژەی گۆاستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێچەوانەی ماددەکانی دەستوری عێراقەوەیە، بۆیە دەبێت دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، چونکە تەنانەت دوای کردنیشی بەیاسا لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت تانە لە یاساکە بدات لە دادگای فیدراڵی، بەوپێیەی کە ئەوە بابەتێکە  پەیوەندی بە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە"، عەلی تەمیمی وای وت. 

 

ئەو شارەزایەی دەستور ئاماژەی بەوەشكرد: " لەکاتی بوونی نادادپەروەری یاخود گەندەڵی لە دابەشکردنی موچە فەرمانبەران، حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت  بە گوێرەی دەستور فەرمانگەی چاودێری دارایی عێراق  ڕەوانەی هەرێم بکات بۆ ڵێپێچینەوە و تێڕوانین لەو پرسە ".

 

ماوەی چەند ساڵێكە بەردەوام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی دواکەوتنی موچەیان هەبووە، ئەگەرچی حکومەتی هەرێم قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە هەندێک کاتتدا بە هۆکار دادەنێت.