ناس کورد- کاروان مەحمود
بەرپرسێکی هێزی پێشمەرگە لە کەرکوک رایدەگەیەنێت، هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەردەوامە و یەکەم هەنگاویش لە شنگالەوە دەستپێکردووە و لە داهاتوو پارێزگاکانی دیکەش دەگرێتەوەو هێزی پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی پێشتر لێی بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای کەرکوکی هێزی پێشمەرگە کوردستان، (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، هەوڵەکان بۆ رێککەوتن و گەڕانەوەی کوردانی ئاوارە و هێزە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و یەکەم هەنگاویش لە شنگالەوە دەستی پێکردوە و دواتر کەرکوک، خانەقین و ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە و پێشمەرگەش دەگەڕێتەوە سەرجەم ئەو ناوچانەی پێشتر تێیدا بووە.
لەبارەی مەرجی پارتی کە پێشتر باسی کردبوو تاوەکو دۆخی کەرکوک لە رووی سەربازییەوە ئاسایی نەکرێتەوە ناگەڕێنەوە ئەو پارێزگایە، نوری حەمە عەلی کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتییە، وتی: "گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانەیە بەبێ جیاوازی و مەرجی پارتیش بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بووە تاوەکو ئاوارەکانیش بتوانن بگەڕێنەوەو سەرو ماڵیان پارێزراو بێت، جگە لەوەش بۆ هەر شوێنێک پێویست بێت هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە".